بە هۆی بڕینەوەی دارستان و لێڕەوارەکان و بێدەنگی میدیاکان و وەڵام نەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری مەریوان خەریکە دارستانەکان دەفەوتێن.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە خەڵکی هەلپەرست لە گوندەکانی دەورووبەری شاری مەریوان هەوڵی بڕینەوەی داربەڕووەکانی ئەو شارەیان داوە و کارێکی زۆریان بە مەبەستی دروستکردنی ڕەژی بڕیوەتەوە. دوای دروستکردنی بە خەڵووز بۆ تاران و شارە گەورەکانی ئێران دەنێردرێ.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە بێدەنگی ڕاگەیەنەکان و وەڵام نەدانەوەی بەرپرسان، ئۆرگانە پێوەندییدارەکان و هەروەها لێنەپرسینەوەی دەزگای قەزایی لەگەڵ تاوانبارانی لەنێوبردنی دارستانەکانی شاری مەریوان، ڕۆژانە بەشێک لە میراتی سرووشتی بە نرخ لەم ناوچەیە دەبنە قوربانی کەسانی بەرژەوەندیخواز و لە نێو دەچن و هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی لە شاری مەریوان لە بەرامبەر بڕینەوەی داربەڕووی گوندەکانی ئەو شار هیچ هەڵویشتێکیان نەبوو و تا ئامادەکرانی ئەو هەواڵە بێدەنگ بوون. بەڵام ژینگەپارێزانی کوردستان سەبارەت بەو کارە کاردانەوەیان لە خۆیان نیشان داوە و بە توندی ڕەخنەیان گرتووە.