یەکێک لە خەمخۆران و دڵسۆزانی حیزب و گەل، لە ناوچەی مەریوان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک حەسەن عالی کوڕی مامۆستا مەلا محەممەدئەمین کانیسانانی، لە دایکبووی بنەماڵەیەکی ناسراوی ناوچەی مەریوانە کە یەکێک بووە لە کەسانی خاوەن هەڵوێست و کوردپەروەری کانیسانانی مەریوان، حەوتووی ڕابردوو بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کرد.
کاک حەسەن عالی خوێندنی سەرەتایی لە حوجرەو لە خزمەتی بابی تەواو کرد و پاش وەرگرتنی دیپلۆم لە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لە “ئیدارەی ئاو”ی مەریوان دامەزراوە .
هەستی کوردایەتی و خەمساردنەوبوونی لە پێناوی نیشتمان و وڵاتەکەی، بۆ بە هۆی ئەوەی کە دووجار بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەرکار دەربکرێ ، بەڵام ئەو تێکۆشەرە هەتا دواچرکە ژیانی وەکوو دۆستێکی حیزبی دێموکرات، بە ڕێبازی ئەو حیزبە وەفادار مایەوە.
شیاوی باسە بە پێی وتەی ناسیاوانی، کاک حەسەن عالی بە هۆی هەڵسوکەوتی شیاوی کۆمەڵایەتی و ڕەوشتبەرزی و نیشتماندۆستی لەنێو خەڵکی ناوچەی مەریوان بەتایبەتی کانی سانان، جێگەی متمانە و بڕوای خەڵک بووە.
ناوبراو دوای تەمەنێک سەرفەرازانە چەند رۆژ لەمەوبەر لە تەمەنی ٦٧ ساڵەیی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پیشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە خەڵکی کانیسانان، بەتایبەتی بنەماڵی کاک حەسەن عالی، خۆی لە خەمیان بە بەشدار دەزانێ.