Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۳۱ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 21/06/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ئاگری ڕۆژهه‌ڵاتی: حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران ده‌بێ هه‌وڵ بۆ په‌یماننامه‌ی نیشتمانیی پاراستنی ئاو بده‌ن

06/04/2018 | 01:05:35
+A
-A
دیمانە: عەلی بداغی

]یه‌ک له‌ قه‌یرانه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ئێستای ئێران، قه‌یرانی ئاوه‌. ئێران له‌ ڕیزی ئه‌و 24 وڵاته‌ دایه‌ که‌ بارودۆخی ئاو تێیاندا مه‌ترسیداره‌ و کارناسانی ئه‌و بواره‌ ده‌ڵێن هۆکاره‌که‌ی بۆ پلان و به‌رنامه‌ی چه‌وتی به‌ڕێوه‌به‌ریی کۆماری ئیسلامی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. عیسا که‌لانته‌ر، سه‌رۆکی ڕێکخراوی ژینگه‌ی ئێران که‌ له‌ ده‌یه‌ی 70دا وه‌زیری کشتوکاڵی ئێران بوو، قه‌یرانی ئاو له‌ ئێرانی به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌تر له‌ مه‌ترسییه‌کانی ئیسڕائیل ناو بردبوو.

کوردستان له‌ ڕووی سه‌رچاوه‌کانی ئاوه‌وه‌ ڕیزبه‌ندییه‌کی باشتری له‌ چاو ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ چه‌قی به‌رنامه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌تییه‌کانی ئێران بۆ گلدانه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی ئاوی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێران، دۆخێک که‌ مه‌ترسی ئه‌منیه‌تی و ژینگه‌یی زۆری له‌سه‌ر کوردستان دروست کردوه‌.

له‌و پێوه‌ندییه‌دا و بۆ تاوتوێی زیاتری ئه‌و بابه‌ته‌ «کوردستان» وتووێژێکی له‌گه‌ڵ ئاگری ڕۆژهه‌ڵاتی، چاوه‌دێری سیاسی پێک هێناوە:[

     

 

  بهڕێز ئاگری با باسەکەمان بەو پرسیارە دەست پێبکەین ئەوەی دەگوترێ سەدەی بەردەممان سەدەی قەیرانی ئاوە، راستە؟ لە بنیڕا خۆی قەیرانی ئاو یانی چی؟

ئاو بنەمای ژیانە و ئەوە واتە ئاو ژینگەیە، ئاو پیشەیە و کشتوکاڵە، ئاو گەشە و تەناهیی خۆراکە. ئەگەر بەو ڕوانگەیەوە سەیری ئاو بکەین، کاتێک دەگوترێ قەیرانی ئاو واتە کەمبوونی ئاو لە ژیانی مرۆڤدا، بە هۆی ئەوەی زۆر ڕەهەندی ژیانی مرۆڤ گرێ دراوەتەوە بە ئاو کە وایە ئەو کەمبوونە لە ژیانی ئاسایی تاک و دواتریش له‌ کۆمەڵگه‌دا قەیرانی بەرینی چەند ڕەهەندی دەنێتەوە. کەمیی ئاو لە ڕووی جوغرافیاییەوە سنووردارە بەڵام قەیرانی ئاو، قەیرانێکی جیهانییە چونکی ئەو قەیرانە دەتوانێ هۆکاری گۆڕینی دیمۆگرافی، کۆچی بە کۆمەڵ، پەرەسەندنی برسێتی و بەرینبوونی توندوتیژی بێ. کە وایە کەمیی ئاو تایبەت بە هەموو جیهان نیە، بەڵام قەیرانی ئاو کە درهاویشتەکانی ئەو کەم ئاوییەیە پرسێکی جیهانییە و چاوەڕوان دەکرێ ئەو پرسە و بە گشتی قەیرانی ژینگە لە سەدەی داهاتوودا بەتایبەتی لە نیوەی دووهەمی سەده‌ی دادێ کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتی تووشی قەیرانی قورس و ئاستەم بکا.

 

هۆکارەکانی قەیرانی ئاو لە وڵاتی ئێران کامانەن؟

ئەوە قەیرانێک روودەدا، چەندین هۆکار و ڕەهەندی هەیە. قەیرانی ئاو لە ئێستادا دەبێ وەک “هەرەقەیران”سەیری بکەین، چون هەم هۆکارەکانی بەرفراوانن و هەم چارەسەری ئاستەمە و هەمیش کاردانەوەی ئەو قەیرانە لە سەر ژیانی کۆمەڵگه‌ چەند ڕەهەندی و قورس و بەرفروانە. بە گشتی قەیرانی ئاو لە ئیران دەکرێ ئەو هۆکارە سەرەکییانەی بۆ بێنینە گۆرێ:

1_ ژینگه‌، ژینگەی ئێران ژینگەیەکەی کەم ئاوە و وشکەڕۆیە.

2_ که‌ش و هه‌وا، ئالوگۆری کەش و هەوای ئیقلیم وای کردووە ئێران تووشی کەمیی بەفر و باران ببێ.

3_ گەشەی ئێران، گەشەیەکی ناوەندتەوەره‌، بەو مانایه‌ کە لە پیشە و کشتوکاڵەوە، هەتا توریسم و … هەمووی لە ناوەند چڕکراوەتەوە؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوەند لە ڕووی بنیاتی ئاوەوە توانای هەڵگرتنی ئەو گەشەیه‌ی نیە، و دیارە قورسایی گەشەی ناوەندتەوەریش بنیاتی ئاوی ناوەندی تێکشکاندووە؛ بە هۆی ئەوەش کە لە سیاسەتی ئێراندا ناوەند پێگەی دەسەڵاتدارییە ئەو قەیرانە ناڕاستەوخۆ هەموو ئیرانی گرتۆتەوە و بە ڕاکێشانی ئاوی ناوچە جیاوازەکان بەتایبەتی ئاوی کوردستان بۆ ناوەند وای لێهاتووە کە بنیاتی ئاوی ناوچە جیاوازەکانی ئێرانیش تێک بشکێت یان چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوودا تێکبشێ بۆ وێنە ئەحواز خۆی ئاوی زۆری هەیە بەڵام بە ڕاکێشانی بۆ ناوەند بنیاتی ئاوییەکەی تێکشکاوە و قەیرانی بێ‌ئاوی ئەوێشی گرتۆتەوە.

4_ گەندەڵیی پێکهاتەمەند، پێکهاتەی ئابووری و ئیداریی ئێران تووشی گەندەڵیی  سیستماتیک و پێکهاتەمەند بووە و ئەو گەندەڵییەش لە هەموو قەیرانیەکانی ئێراندا بوونی هەیە.

5_ سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی_ئێرانی، ڕێژیم سه‌ربه‌خۆیی وەک پەیوەندی نەگرتن بە کۆمەڵگه‌ی جیهانی دەبینێ و هاوکات لەگەڵ ئەوەش لە ڕووی سیاسییەوە بەردەوام خەریکی قەیران و ئاژاوەنانەوەیە لە وڵاتانی ئێسلامیدا. لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی ناوچەیی و تەنانەت جیهانییشی لە سەربناغەی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی_ئێرانیدا بووە، لە رووی ئابوورییەوە لەو باوەڕە دایە کە دەبێ ئابووریی ئێران بە گشتی و تەناهیی خۆراک بەتایبەتی تەنیا لەسەر بناغەی نێوخۆی دامەزرێ و کەمترین پەیوەندیی دەرەکیی دوولایەنەی هەبێ، هەر بۆیەش لە زۆر ڕووەوە بەتایبەتی بۆ دابینکردنی “تەناهیی خۆراک” زەختی لە ڕادەبەدەری خستۆتە سەر بنیاتی ژینگە و ئاوی ئێران و ئەوەش وای کردووە ئەو بنیاتە تێکبروخێ.

٦_ کولتووری بەکارهێنانی ئاو، موحسین ڕێنانی، ئابووریزانی ئێرانی پێی وایە نەوت وەک بەرتیلی خەڵک دراوەتە دەست حکوومەت و لە بەرانبەردا ئاویش وەک بەرتیلی حکوومەت دراوەتە دەست خەڵک و ئەوەش وای کردووە کە هەم داهاتی نەوت نابەجێ بەکاربهێندرێ و هەم  ئاو لە ڕادەبەدەر کەڵکی لێوەردەگرێ.

٧_ نەبوونی یاسا بۆ دەسەڵاتداره‌تیی ئاو لە ئێران، ئێران لە ڕووی دەقی یاسا و جێبەجێکاری یاسا کێشەی پێکهاتەیی و گەورەی هەیە ئەو کێشەیە لە قەیرانی ئاویشدا ڕەنگی داوەتەوە.

٨_ حه‌شیمه‌ت، زۆربوونی رێژەی حەشیمەتی ئێرانیش هۆکارێکی دیکه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌یه‌.

٩_ ڕوانگه‌ی چه‌وت، هەڵەی ڕوانین لەسەر چۆنیه‌تیی بەکارهێنانی ئاو لە نێو کۆمەڵگه‌دا.

 

یەکێک لەو پڕۆژانەی لە ئێراندا ئێستا زۆر بە لێبڕاوی کاری لەسەر دەکەن، بەنداوسازییە. چۆنە لە حاڵێکدا لە دنیا بەنداوەکان دەڕووخێنن، لە ئێران بەنداوسازی بەو بەربڵاوییە هەیە؟

بەنداوسازی خۆی لەخۆیدا نە هەڵەیە و نە شانازی، بەڵکوو بەنداوسازی شیوازێکە بۆ ئیدارەکردنی دەسەڵاتداره‌تیی ئاو و شێوازێکی کۆنیشە و ڕەنگە ئێمە کوردەکان یەکێ لە کۆنترین نەتەوەکان بین کە بەنداومان سازکردووە. کۆنترین بەنداوەکان لە دەسەڵاتداره‌تیی عیلامییەکاندا دۆزراوەتەوە، بەڵام گەندەڵیی ئابووری و پاوانبوونی بەندئاوسازی لەدەست سپای پاسداراندا وای کردووە کە بەندئاوسازکردنیش وەک باقی بوارەکانیتر خۆی قەیران دروست بکا.

 

بارودۆخی ئاو لە کوردستانی ئێران چۆنە؟ ئایا قەیرانی ئاو، ناوچەی پڕئاوی وەک کوردستانیش دەگرێتەوە؟

هەر ئێستا کوردستان لەسەر سنووری قەیرانە، بەڵام ئەوەی کە مەترسیی گەورە دەخاتە سەر کوردستان باسی ڕاکێشانی بەلێشاوی ئاوی شیرینی کوردستان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستانە بێگومان ئەو ڕاکێشانە ئەگەر بەری پێ نەگیردرێ دەبێتە هۆکار بۆ تێکروخانی بنیاتی ئاویی کوردستانیش و ئەو ناوچەیەش لە ڕووی جوگرافیاوە تووشی کەم ئاوی و قەیرانەکانی دوای کەم ئاوی دێ.

 

وەک دەگوترێ تەنیا لە بناری زاگرۆس زیاتر لە 60 بەنداو لێ دراوە. هۆکارەکانی لێدانی ئەو هەمووە بەنداوە چییە؟ زەرەر و قازانجەکانی چین؟

هیچ دەقێکی فەرمی لەلایه‌ن حکوومەتەوە بڵاونەکراوەتەوە کە بۆ ئەو هەموو بەندئاوه‌ لێ دراوە. بەڵام بە پێی ئەوەی لە پاڵ هەر بەنداوێکی مامناونجی و بچوکیش ڕەهۆلێک بۆ ڕاکێشانی ئاوەکەی ڕایەڵ کراوە، و بە پێی ئەوەی کە پارێزگاری زۆربەی پارێزگاکانی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە کە “بەشەئاو”ی کشتوکاڵ هەر ئەو بەشە ئاویە کە پێش بەندئاوەکان بووه‌، کەوایە ئەو بندئاوانە بۆ ئەوە لێدراون کە ئاوەکەیان بۆ ناوەندی ئێران ڕاکێشرێ.

 

ئایا ئەو بەنداوانە لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووری و کەرتی گەشتیاری و ئاوەدانکردنەوە خزمەتی بە کوردستان و ژینگەی کوردستان کردوە؟

باس لە بەهرەلاوەکییەکان ناکەم، بۆ وێنە بەندئاوێک ببێتە هۆی ئەوەی چوارکەسی خەڵکی شارەکە بچن لەوێ کەیک و نوشابە بفرۆشن، بەڵام وەک ستراتژیی ئابووری و وەک گەڵاڵەی حکوومەتی نەخێر. واته‌ هیچ کارێک نەکراوە کە دەرخەری ئەوە بێ کە بندئاوەکان دەبنە هۆکار بۆ گەشەی ئابووری بەتایبەتی لە کەرتی گەشتیاریدا. سەرەڕایی ئەوەش لێدانی ڕەهۆلی گەورە بۆ ڕاگواستنی ئاو وای کردووە کە بنیاتی ژینگەی کوردستان تووشی قەیرانی گەورە ببێ.

وه‌ک پێشتریش باسم کرد بەشە ئاوی کوردستان بۆ کشتوکال هەمان بەشە ئاوە کە لە پێش لێدانی بەندئاوەکان هەبووە. لێدانی ڕەهۆڵه‌کانیش بۆ ڕاگواستی ئاو بنیاتی ژینگەی بەتایبەتی دارستانەکانی لەنێو بردووە. دواتر باس له‌ بەشە ئاوی ژینگەیە. دەزگاکانی ڕێژیم لە ناوچە فارسەکان هیچ بەشە ئاوێکیان بۆ ژینگە دانەناوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بە پێی زانستی بەلانیکەمەوە ئاو، دەبێت حەتمن ٦٠% ئاوی هەرێمێکی ژینگەیی بۆ ژینگە دەرخان بکرێ. ئەو بەشەئاوه‌ش بۆ ژینگە تەرخان نەکراوە و وای کردووە کە بنیاتی ژینگەی ناوچە فارسەکان تێکبڕووخێ و ئەگەر هەمان سیاسەت لە کوردستان بگرنە بەر گومانی تێدا نیە کە لە ٥ هەتا ١٠ ساڵ پاش راکێشانی ئاوی کوردستان بونیاتی ژینگەی کوردستانیش تێک دەڕوخێ.

 

وەک ئاگادارن ئێران کۆمەڵە بەنداوێکی لەسەر ئەو ئاو و چەمانە دروست کردوە کە دەڕژێنە باشووری کوردستانەوە، ئەویش لە کاتێکدا بۆ نموونە لێدانی بەنداوی ئەتاتورک لە تورکیە زیانێکی زۆری بە ژینگەی ئێران گەیاند. ئەوە خۆی لە خۆیدا مانای ئەوەیە کە دەوڵەتان شەڕی سیاسیی خۆیان بە ژینگە دەکەن؟ زیانەکانی بەردەوامیی ئەو شەڕە چین؟

کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سێ وڵاتی ئێراق، تورکیه‌ و ئەفغانستان، کێشەی ئاوی هەیە و ئەوان ئێستا بە دانانی عەباس عراقچی، وەک سەرۆکی ژووری “هیدرۆپۆڵتیک” دەیانەوێ ئەو کێشانە بە قازانجی خۆیان چارەسەر بکەن.

بەڵام لەسەر شەڕی ژینگە من پێم وایە بە پێچەوانەی ڕوانینی زاڵی نێو ڕۆژئاوایی ئاسیا قەیرانەکانی ژینگە لەو ناوچەیە لە درێژخایەندا ڕێژیمەکان ناچار دەکا لەگەڵ یەک ئاشت ببنەوە؛ چونکی قەیرانی ژینگەی ئەو ناوچەیە قەیرانێکی چەند ڕەهەندییەوە و داوێنی هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیه‌ی گرتۆتەوە. بەڵام ڕاستە لە ئێستادا  هەست دەکرێ کۆماری ئیسلامی بیر لەوە بکاتەوە کە ئاو وەک چەکێک دژی باشوورییەکان بەکار بێنێ و هەتا ئێستاش هەست دەکرێ که‌ باشوورییەکان بایەخێکیان بەو مەترسییە نەداوە.

 

ئێران پێشی بەو ئاوانە گرتوە کە دەڕژێتە وڵاتانی دراوسێ،  بۆ نموونە ئاوی سیروان و زێی بچووک. ئایا بووە لە شوێنی دی کە پێش بەو ئاوانە گیرابێ کە دەڕژێنە وڵاتی ئێرانەوە؟

بەلێ هەمان کێشە کە ئێستا باشوور لەگەڵ ئێران هەیەتی، ئێران خۆی لەگەڵ ئەفغانستان هەیەتی. بەڵام لە مێژوودا دو جار کێشەی ئاو بۆتە هۆی ئەوەی ئیران و ئەفغانستان رێککەوتن ببەستن؛ بەڵام هیچ رێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئێران یان باشووری کوردستان و ئێراندا نیە. بۆیەش چاوەروان دەکرێ کێشەکەی نێوان ئەوان ئالۆزتر ببێ.

 

بە گشتی قەیرانی ئاو لە ئێران و کوردستان چ سیاسی بێ، چ لە سۆنگەی بەڕێوەبەریی چەوت و هەڵە بێ؛ ڕەفتار و تەعامولی کورد لەگەڵ ئەو پرسە دەبێ چۆن بێ؟

من لێرەدا تەنیا ڕستەیەک دەڵێم، ئەوەش ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکانی کورد دەبێ، گەڵاڵەیەک بۆ پاراستنی ژینگە و ئاوی کوردستان ئامادە بکەن. دەکرێ ناوی بنێن پەیماننامەی نیشتمانیی پاراستنی ئاوی کوردستان و دەبێ هەموویان ئیمزای بکەن و هەر چەشنە پەیوەندی و چالاکیی سیاسی، تەبلیغی و … کە هەیانە لە ژێر نیسێ ئەو پەیماننامەیە دابێ، دەشزانم هەمووتان بەو پێشنیارە پێدەکەنن! به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌کجار گرینگه‌.

               

( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)