Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 21/10/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە گرینگەکانی لە ئێراندا

06/04/2018 | 00:01:58
+A
-A
حەسەن حاتەمی

مەجلیسی شووڕا و بارمتەگیری

لە ڕەوتی ڕووداوی هێرش بۆ سه‌ر باڵوێزخانەی ئەمریکا و بارمتەگرتنی کارمەندەکانی وەک باس کرا، بەشێکی هەرە گرینگی کێشەکەی ئەوکات چارەنووسی بارمتەکان بوو. ئەو ٥٢ کەسەی ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ، بە ڕواڵەت لە ژێر دەستی «خوێندکارانی هێڵی ئیمام»دا بوون.

دوای عەمەلیاتێکی کۆماندۆیی بێ ئاکامی نیزامی  لە ٥ی گوڵانی ١٣٥٩ی هەتاویدا، کە  بە ڕووداوی تەبەس ناونرا، بارمتەکان دابەش کران و ٤ کەس لە تاران مانەوە. ئەوانی دیکەش بۆ شوێنی جۆراجۆر لە نێوخۆی ئێران ڕاگوێزران. پاشان هەوڵی وتووێژ و ڕاوێژ و بەڕێوانی هاتنە ئاراوە. وڵاتی ئەلجەزایر بوو بە بەڕیوان. ئەو وڵاتە پێشینەی خێری بۆ رێژیمی شا لە ساڵی ١٩٧٥دا، هەبوو._ لە بەشێکی رێککەوتنامەی ئەلجەزایریشدا، بەداخەوە خودموختاری «حوکمی زاتی» ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ی باشووڕی کوردستانی بەمێژوو سپێردرا._

لە مەجلیسی شووڕادا کۆمێسیۆنێکی تایبەت بۆ چارەسەری کێشەی بارمتەکان دامەزرا. ئەو کۆمیسیونە لە ١١ی گەڵارێزانی ١٣٥٩ راپۆرتێکی ئامادە کردبوو کە لە کۆبوونەوەی ئاشکرای مەجلیسدا باسی لەسەر کرا. لە ئاکامدا، ڕاگەیاندراوێکی بە شێوەی بڕیارنامە دەرکرد و ٤ مەرجی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دانا کە بریتی بوون لە:

1_ ئازادکران و لابردنی بەربەست بۆ ئەموال و دارییەکان لە نێوخۆی ئێران

2_ دواییهێنان بە هەموو کێشەکان و بڕیاری ڕاگیرانەکان بە دژی ئێران

3_ تەحویل دانەوەی ئەموالی شاە و ئەندامەکانی بنەمەڵەکەی

4_ دەستێوەرنەدانی ئەمریکا لە کاروبارەکانی ئێراندا.

هەلومەرج لەنێو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە نێوان دوو «ڕێفڕاندۆم» و سێ هەڵبژاردندا، دوای پتر لە ساڵێکی، گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. ڕوانگەکان، جیاواز بوون و ململانێیەکی نوێ دەستی پێ کردبوو. بە پێی ڕووداوەکان و دوای پتر لە ٣٠ ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەواندا، لێدوان و بیرەوەرییەکانی کاربەستانی دەسەڵاتدار_ کە بەرپرسیاری سەرەکیی بوون_ ئەوە دەسلمێنن.

حیزبی جمهووریی ئیسلامی و هاوتەریبەکانیان کە زۆرینەی کورسییەکانی مەجلیسی شووڕایان پێ‌بوو و ئا. خومەینیش پشتیوانیان بوو، بە تەمای به‌ ده‌سته‌وه‌گرتنی هەموو جومەگەکانی دەسەڵات بوون. مەسەلەی بارمتەکانیش دەرفەتێکی باش بۆ ئەو حیزبە بوو.

نوێنەرانی خولی یەکەمی مەجلیسی شووڕا پێیان وابوو کە چۆنیەتیی هەڵویستی ئەوان له‌باره‌ی بارمتەکان، کاریگەریی خۆی دەبێ.، بەڵام ئه‌وه‌ی که‌ چۆن بە قازانجی ڕێژێمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو کەلکی لێوەرگرن، یەک بۆچوون نەبوون.  لیبڕاڵەکان_ بەتایبەتی نوێنەرانی نێهزەتی ئازادی_ و ژمارەیەکی دیکەش کە که‌سانی توندڕۆی وەک: «محەممەد مونتەزیری»‌شیان تێدابوو، ڕایان وابوو، پێویستە ئەو مەسەلەیە جۆرێک چارەسەر بکرێ کە بۆ جیمی کارتێر ببێتە ئیمتیازێک کە بۆ خولی دوویەمیش لە سەرکۆماریدا، بمێنێتەوە. چوونکە رکه‌بەرەکەی رۆناڵد رێگانە و کۆماریخوازێکی توندڕۆیە کە بۆ ئێران کێشە خوڵقێنترە. ژمارەیەک لەو کەسانە بریتی بوون لە: «کازم سامی، ئه‌حمه‌د سه‌در حاج سه‌ید جه‌وادی، محه‌ممه‌د عه‌لی هادی، محه‌ممه‌د مونته‌زیری، هاشم سه‌باغیان، ئیبراهیم یه‌زدی و هاشم ڕه‌فسه‌نجانی که‌ سه‌رۆکی مه‌جلیس بوو.»

ڕوانگەی دوویەم کە زۆربەیان ئەندامانی لاو و توندئاژۆ بوون، پێیان وابوو دێموکرات و کۆماریخوازی ئەمریکایی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نیە و هەردووکیان، بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پیلان دەگێڕن. مەنووچێر مووتەکی_یەکێک لە وەزیرانی ده‌وڵه‌تی ئەحمەدی نیژاد_ لەو پێڕە بوو.

ڕۆژی پێنجشەممه‌ ١٥ی گەڵارێزانی ١٣٥٩، لە کاتی هەڵمەتی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی چله‌مین خولی سەرکۆماری ئەمریکا _کە یەکشەممه‌ ٩ی نۆڤێمبری ١٩٨٠، واته‌ ٤ ڕۆژ دواتر بەڕێوە دەچوو_ هەموو مەرجەکان بۆ چارەسەری بارمتەکان ئامادە کرابوو. بڕیاری نافەرمی ئەوە بوو کە پێنجشەممه‌ به‌یاننامه‌ی ئەلجەزایر بەهۆی نوێنەرانی مەجلیس پەسند کرێ و هەر ئەو ڕۆژە یا ئەوپەڕەکەی، رۆژی دواتر کە هەینی بوو بارمتەکانی ئازاد کرێن و ببرێنە بنکەیەکی نیزامی ئەمریکایی لە وڵاتی ئاڵمان و لەوێڕا بۆ کۆشکی سپی بەڕێ کرێن و کارتێر پێشوازییان لێ بکا. ئەو کارە بە پێی بۆچوونی یەکەم لە مەجلیسدا، بەهێزترین کارت بۆ سەرکەوتنی کارتێر دەبوو.

بەڵام ٢٧ کەس لە نوێنەرە توندڕۆیەکان _کە ناوی فراکسیۆنێکی نەنووسراویان هەبوو_ لە دوایین خولەکەکانی دەنگدان، مەجلیسیان جێ ‌هێشت و بۆ یەکەمین جار به‌ «آبستراکسیون» مەجلیسیان لە زۆرینە خست. نێوەڕۆی ئەو رۆژە بە پێی ئاییننامە، تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئاشکرا ڕاگەیاندرا. تاوتوێی بەیاننامه‌که‌ی ئەلجەزایر بۆ حەوتوویەک دواتر تووڕ هەڵدرا. جیمی کارتێر شکستی خوارد و ڕۆناڵد ڕه‌یگان سەرکەتوو بوو.

وەک لە ئاڵقەکانی ئەم نووسینە لە پێشوودا ئاماژەی پێکرا، ڕەوتی جیهانی بە ئاقارێکی تۆند ئاوژۆیانەدا، هەنگاوی نا. لەو ململانێ‌یەدا، حیزبی جهمووریی ئیسلامی تووشی دووبەرەکی لەسەر ئەو کێشەیە بوو. ئەو ٢٧ کەسەش تەنیا ڕێگایەکی یاسایی کاریگەرکە لەبەر دەستیان بوو ئەنجامیان دا. ئەگینا ئەوکات کاریگەریی رەفسەنجانی چ لەنێو حیزبی جمهووریی ئیسلامی و چ لە مەجلیس و لای خومەینیش زۆرتر لەوانی دیکە بوو. بەڵگەی ئەو ڕووداوە لە مەجلیسی یەکەم و کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنی سەرکۆماری لەوانەیە لە داهاتوودا، پتر ڕوون بێتەوە. وەک فایلی بە رێبەرکردنی خامنەیی، کە لە دوای پتر لە ٢٨ ساڵ بڵاوکرایەوە.

دەوڵەتی ڕەجایی بە پێی ئەو بڕیارنامەی ئاماژەی پێکرا، بێهزادی نەبەوی _وەزیری ڕاوێژکار لە بەشی ئیجرایی_ کردە مەئمووری کێشەکە. ئەویش لەگەڵ بانکی ناوەندی و چەند بەشی دیکە گرووپێکیان دروست کرد و دوای پتر لە دوو مانگ قسە و باس، بەیاننامه‌ی ئەلجەزایریان لە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٥٩ (١٩ ی ژانویەی ١٩٨١) دا، بڵاوکردەوە کە لە دوو بەڵگەی سه‌ره‌کی پێک دەهات.

لە بەڵگەی یەکەمدا، زۆربەی ئەو ٤ ماددەیەی کۆمیسیۆنی مەجلیسی شووڕای تێدابوو. بەڵام دەوڵەتی ئێرانیش قبووڵی کردبوو بارمتەکان ئازاد بکا و پاشان چارەسەری کێشەکان و ئیدیعاکانی ئێران لە مەحکەمەکانی ئەمریکایی یا وڵاتانی دیکە لە ڕێگای ناردن بۆ دادوەری نێونەتەوەیی ئەنجام بدرێن.

لەبەڵگەی دوویەمیشدا، بیاننامه‌یه‌کی ٨ خاڵیی دوولایەنی نووسرابوو، کە هەیئەتێکی ٩ کەسی بە ناوی «دیوانی دادوەری ئیدیعاکانی ئێران_ئەمریکا» لە شاری لاهەی هولەند دروست کرێ، هەتا بە ئیدیعاکانی دوولایەنی ناکۆک لەنێوانیان و هەموو بەشەکانی بازرگانی، ئیجرایی و بەیانییەکان ڕابگەن.

بەڵگەیەکی سێیەمیش، لە کۆی بەڵگەگەلێکی ناونراو بە بەیاننامه‌کانی ئەلجەزایر هەبوو، کە بۆ بەرپرسیارەتیی مکانیزمەکانی ئیجرایی بەشێک لە بەرعۆدەکانی ماڵی ئەمریکا و ئێران تەنزیم کرابوو.

( لە ژمارەی ٧٢٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)