کەمپەینی ڕزگاریی ڕامین حسێن پەناهی داوای لەسەرجەم چالاکانی مەدەنی وسیاسیی ئێران و کوردستان کردوە کە فریای گیانی ئەو بەندکراوە کوردە بکەون.
دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی ناردنی پەروەندەی ڕامین حسێنپناهی زیندانی سیاسیی کورد، بۆ دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم، بە مەبەستی پێداچوونەوەی بە سزاکەی، ئەگەر ئێعدامی بە پەلەی ئەو بەندکراوە بووتە هۆی نیگەرانی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی و، بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی سزای ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهی کەمپەینێکیان لە ژێرناوی “نا بۆ ئێعدام” پێکهێناوە.
لەدرێژەی چالاکییەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافی ئەو بەندییە سیاسییە شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە بە پێی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی لە تویتێر، گەردەلوولی تویتێری بە مەبەستی پشتگیری کردن لە ڕامین حسێن پەناهی و مەحکوومکردنی سزای ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، لە لایەن چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و هەڵسووڕاوانی سیاسیی کوردەوە بەڕێوەچوو.
بە وتەی یەکێک لە براکانی ڕامین حسێنپەناهی مەبەست لە ناردنی دۆسیەی ڕامین بۆ دیوانی باڵای ڕژیم لە قوم ، ئێعدامی بەپەلەی ڕامین حسێنپەناهییە و، ئەمەش نیگەرانییەکانی لە جێبەجێ کردنی سزای ئیعدامی ڕامین زیاتر کردوە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە ڕامین حسێنپەناهی، زیندانی سیاسی کورد لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە شاری سنە دەسبەسەر کرا و، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە تۆمەتی (بەغی) و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە هەڵستکارەکانی ڕێژیم، سزای ئێعدامی بە سەرداسەپا.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەر کردنیدا چەندین جار دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و بە هۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی چەندین جار بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و بە پێی ئاخرین زانیاریش ماوەیەکە لە مافی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی، بێبەش کراوە.