لە دوو شوێنی بەرچاوی شاری شنۆ، ئاڵای کوردستان هەڵکرا.
شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٣ی خاکەلێوە لە درێژەی چالاکییە تەبلیغییەکان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، تێکۆشەرانی سەر بە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەشاری شنۆ، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، وەفاداریی خۆیانیان بە ئاوات و ئامانجەکانی پیشەوا قازی محەممەد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان سەلماند.
لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری شنۆ شەوی ڕابردوو لە شوێنەکانی مامتەر کە یەکێک لە بەرزاییەکانی شاری شنۆیە و هەروەها لە سەر گۆرستانی سوڵتان مستەفا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ، شەکاوەیی ئاڵای کوردستانیان لە کۆماری کوردستانەوە تا ئەمڕو وەبیری خەڵک هێنایەوە.
شیاوی باسە بە هۆی پان و بەرینی ئاڵای سێ مێتری، لە هەموو شوێنێکی ئەو شارە دیار وبەرچاو بووە.
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دەستخۆشی کردن لەسەرجەم تێکۆشەرانی دێموکراتدۆستی ناوچەی شنۆ ، بەتایبەتی پارێزەرانی ئاڵا و سەرجەم ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکرات، سپاس و پێزانیی خۆی پێشکەشیان دەکا و، سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.