بە پێی هەواڵی گەیشتوو لەشاری پیرانشارەوە، کاک عەبدوڵڵا گەنجە ئەندامی دێرینی حیزب، دوێنی شەممە ١١ی خاکەلێوە لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
کاک عەبدوڵلا لەگەڵ ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕات، دوای ڕووخانی رێژیمی پێشوو، هاتە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و لە پێناو ئازادی گەل و نیشتماندا دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد.
کاک عەبدوڵڵا چ ئەو کاتەی ماڵی لە پیرانشار بوو و چ ئەو ماوەیەی بە هۆی گوشاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، رێگای ئاوارە بوون لە زێدی خۆی بۆ باشووری کوردستانی هەڵبژاردبوو و لەو بەشەی کوردستان دەژیا، جێگای باوەڕ ومتمانەی حیزب و کۆمەڵانی خەڵک، بە تایبەت لە ناوچەی مۆکریانی رۆژهەڵات و پشدەری باشووری کوردستان بوو. ماڵی بەرێزیان لە هەر شوێنێک بوایە، جێگای حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی دیموکڕات بوو.
هەرچەند کاک عەبدوڵلا پاش چەند ساڵ خەبات بە هۆی چوونەسەری تەمەن، بارگرانیی بنەماڵەکەی و هەلومەرجی دژوار بۆ مانەوە لە باشوور، گەڕایەوە شاری پیرانشاری زێدی خۆی، بەڵام دڵە گەورەکەی هەر لە لای خەباتکاران و تێکۆشەرانی کوردوستان بوو و هیوای هەرە گەورەی ئازادی کورد و کوردوستان بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، بەو بۆنەیەوە سەرخۆشی لە کچ و کوڕەکان و تێکڕای بنەمالەی بەڕیزیان دەکا و خۆی لە خەمیاندا بە بەشدار دەزانێ.