لە کۆڕێکی فەرهەنگی و ئەدەبیدا کتێبخانەی گشتیی “شلێرە” لە گوندی زاواکێوی بۆکان کرایەوەو لە لایەن دانیشتووانی ئەو ئاواییە پێشوازی لێکرا.
هاوکات لەگەڵ ١٠ی خاکەلێوە ساڵرۆژی لە سێدارەدانی ڕێبەری نەتەوەیی کورد، بە هیمەتی خەمخۆران و دڵسۆزانی بواری ئەدەب و فەرهەنگ، لە ئاوایی “زاواکێو”ی بۆکان ، کتێبخانەیەک بۆ پەرەپێدان بە زانست و فەرهەنگی ناوچەکە دامەزراو و رۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ی خەکەلێوە بە ئامادەبوونی بەشێک لە هۆگرانی کتێب و ئەدەبی کوردی ئەو کتێبخانە، دوای پێشکەش کردنی چەند بابەت و شێعر بە ڕووی خوێنەران و لایەنگرانی کتێب کرایەوە.
لە کۆڕی کرانەوەی کتێبخانەی گشتیی “شلێرە”ی ئاوایی زاواکێوی بۆکان، مامۆستای ئایینی ئەو گوندەو هەروەها کۆمەڵێک لە قەڵەمبەدەستان لەسەر گرینگیدان بە فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی وتار و بابەتی خۆیانیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
شایانی باسە هیچ کام لە ئۆرگانە دەوڵەتییەکان یارمەتیدەری کرانەوەی ئەو کتێبخانەیە نەبوون، بەڵکوو لاوان و دڵسۆزانی زمان و ئەدەبی نەتەوایەتیی گوندی زاواکێو بە پاڵپشتی کەسانی ئەدەبدۆست، دەستیان دایە کڕین و کۆکردنەوەی کتێب بۆ ئاوەدان کردنەوەی کتێخانەی گوندەکە، کە بتوانن لەو ڕێگایەوە خزمەت بە زانست و فەرهەنگ و ئەدەب بکەن.
شیاوی باسە ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی شاری بۆکان و چالاکانی بواری ئەدەبی لە دامەزراندن و کرانەوەی کتێبخانە لە ئاوایی و شارۆچکەکانی ناوچەی بۆکان دەوری بەرچاویان هەبووە و تائێستا لە گوندەکانی ناچیت، گڵوڵان،باغیان، سڵامه ت، خوڕخوڕە و دەیان گوندی دیکە کتێبخانەیان کردووتەوە.
جێیئاماژەیە بە هۆی ئەوەی کردنەوەی ئەو کتێبخانەیە هاوکات بووە لە گەڵ رۆژی ١٠ی خاکەلێوە ساڵرۆژی لە سێدارەدانی پێشەواقازی محەممەد و هاوڕێیانی ، لە درێژەی ئەو کۆڕە فەرهەنگییە مامۆستای ئایینی گوندی زاواکێو و، چەند کەسی دیکە لە قەڵەمبەدەستانی بۆکانی لەسەر کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد، وتار و پەخشان و شێعری خۆیانیان پێشکەش کرد.