زیندانی سیاسیی کورد ئەمیر پەیغامی، لە زیندانی ورمێ ڕەوشی تەندروستی لە مەترسیدایە و بەرپرسانی زیندان هەتا ئێستا ئیزنی سەردانی پزیشکیان پێنەداوە.
هۆکاری دژایەتی کردنی بەرپرسانی گرتووخانە لەگەڵ ناوبراو بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەمیر پەیغامی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە حوکمەکەی دەربڕیوە بەڵام هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوەو ناوبراویش هەڕەشەی مانگرتنی کردووە لە ئەگەری بێ وڵام مانەوەی داواکارییەکانی .
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی بارودۆخی ئەم زیندانییە کوردەوە ڕایگەیاند: قازی چاوەدێر بەسەر زیندان لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، ناوبراوی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ کردبوو، بەڵام چارەسەرییەکان سەرکەوتوو نەبوون.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هەواڵی بارودۆخی خراپی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە “سەفەری”، بەرپرسی زیندان و “بایرام زادە” قازی چاوەدێر بەسەر زیندان ڕاگەیەنرابوو، کە دەبێت بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شیراز بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە سەبارەت بە بارودۆخی ئەم زیندانییەوە وتی: ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پێشتر هەر لە شاری شیراز چارەسەر کراوە و لە ئەگەری وەرنەگرتنی چارەسەری پێویستی پزیشک دەبێ لاقی ببڕنەوە؛ هەنووکە یەکێک لە لاقەکانی ناوبراو هەڵئاوساوە کە جووڵەی بۆ ئەم زیندانییە دژوار کردووە
ئەمیر پەیغامی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ڕێكەوتی ٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٦ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستگیر کرا و ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، دادگای نیزامی شاری ورمێ ئەم هاووڵاتیە کوردەی لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوکانی “تاهیر خورشیدی و فاروق شاروێرانی” سەرجەم بە پازدە ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەیان بۆ زیندانی کرمان مەحکوم کردبوو.