ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی ئێعدامکرانی پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستان، لە لایەن ڕێژیمی پێشووی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردوەتەوە.
ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە سەر ئەو باوەڕەیە کە لە سێدارەدانی قازی محەممەد لەو قۆناخە مێژووییەدا، لە سێدارەدانی مافی مرۆڤ و تیربارانی ویژدانی مرۆڤایەتی لە کوردستان بووە.
ئەو ڕێکخراوە مەدەنییە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لەگەڵ کۆمەڵگای کورد و کوردستان ئەو کردەوە نامرۆیی و ناجوامێرانەیە لەبیر ناکا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، هەر وەک مێژوو شاهیدی ئەر ڕووداوە ناخۆشەیە، لە سەردەمی حکوومەتی دیکتاتۆڕی پێشوو و لە ئاکامی ستەمی دەسەڵاتدارانی ئەو کات و لە ٧٢ ساڵ لەمەپێش وڵاتی ئێران کەوتە دەستی داگیرکەرانەوە.
لە ئاکامدا حکوومەتی ناوەندی هەڵوەشایەوە و سەرەتاییترین مافی خەڵک پێشێل کرا و کەرامەتی خەڵک دزرا.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، بە ڕاگەیاندنی خودموختاریی کوردستان لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا، توانییان ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن تاکوو خەڵکی کوردستان مافی سیاسی، نیزامی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەبێ.
لەو بەیاننامەکەدا هاتووە ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان کەم بووە بەڵام بەها و یادگاری گەورەی لەخۆی بەجێهشیت و دەبێ هەوڵەکانی قازی لەبیر نەکەین.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە ئەو کردەوە نامرۆیی و ناجوامێرانە کە بە دوای ئەودا دەیان کوردی دیکە ئێعدام کران، هیچ کات نەیتوانی خەڵک لە وەرگرتنی مافی خۆی دڵسارد بکاتەوە و زیاتر لەسەر داوای ڕەوای خۆیان سوورتر بوون.