ڕۆژی هەینیی رابردوو ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧، مام بازید عەزیزی، بابی کادری شەهیدی حیزبی دێموکرات، مراد عەزیزی، خەڵکی گوندی “باب خاڵاوێ”ی ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
مام بازید مرۆڤێکی زەحمەتکێش، دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو. ماوەی ٣ ساڵ بوو لە گەڵ نەخۆشی و ئازار بەربەرەکانی دەکرد.
مام بازید و بنەماڵەکەی تەنانەت بەر لەوەی مرادی کوڕیان بێتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزب، لە دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان بوون.
دوای ئەوەی ، مراد عەزیزی کە ببووە یەکێک لە کادرە ئاگا و لێوەشاوەکانی حیزب، لە پووشپەڕی ١٣٦٨ لە گەڵ دوو کادری دیکە بە ناوەکانی سمایل محەممەدی و حەمەسالە حەسەنپوور لە نزیک ئاوایی “بێمزوورتێ” بە دەست هیزەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون، هۆگریی و وەفاداریی ئەو بنەماڵەیە بە حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانی ڕۆڵە شەهیدەکەیان چەند قات زیادی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی تێکۆشەری بەوەج، شەهید مراد عەزیزی، بە بۆنەی کۆچی دوایی باوکی بەڕێزییەوە، بە گەرمی لە بنەماڵە و کەسوکار و خزمانیان، لە خەڵکی بابخاڵاوێ و ناوچەی شنۆ سەرەخۆشی دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.
رەوانی مام بازید شادو، یادی کوڕە شەهیدەکەی، مراد عەزیزی بەرز و بەڕیز بێت.