هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد، بڵاویان بەخەڵکی نیشتماندۆست کرد کە بڕیاریان دابوو ئێوارەی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوە لە سەر گڵکۆی پێشەوای کوردان کۆببنەوەو لە گەڵ ڕێبازی ڕێبەرانی شەهید و سەرجەم فیداکارنی ڕێگای ئازادی کوردستان پەیمانی وەفاداریی نوێ بکەنەوە.
بە پێی هەواڵێک کە لەشاری مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتوە، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوە دەوروبەری مەزارگەی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە لە شاری مەهاباد ،بە تەواوی میلیتاریزە کرابوو و، هەروەها هێزێکی زۆر لە مەئموورانی ناوەندە ئەمنییەکان و لیباس شەخسییەکان لە ترسی کۆبوونەوەی بەرفەروانی خەڵک موڵدرابوون.
هەواڵنێری “کوردستان و کورد” لە شاری مەهابادەوە ڕایگەیاند : هاوکات لە گەڵ ٧١مین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی ، شاری مەهاباد لە لایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە لە ترسی هەرچەشنە جموجۆڵێک وەکوو ساڵانی پێشوو میلیتاریزە کرابوو.
هەروەها بە جیاوازی لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ لە شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ نموونە کرماشان و سنەو بۆکان خەڵک هاتبوون کە سەردانی گڵکۆی پێشەوا قازی محەممەد بکەن، بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕێگرییان کرد و دەرگای چوونەوە ژووریان داخستبوو و لە دەوربەری مەزارگەی شەهیدانیش، هێزێکی زۆر بڵاوەیان بەخەڵک دەکرد.
شیاوی باسە لە بەرەبەری ساڵرۆژی ١٠ی خاکەلێوە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد داوایان لەخەڵک کردبوو کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوە بە مەبەستی پەیمان نوێکردنەوەی لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی سەرۆکۆماری شەهید، پێشەوا قازی محەممەد لە سەر گڵکۆی ئەو رێبەرە شەهید لە شاری مەهاباد کۆببنەوە کە ئەو داواکارییە لەگەڵ پێشگرتن و ڕێگری کردنی ناوەندە ئەمنییەکان ڕووبەروو بووە.