کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەرزاییەکانی گوندی کانی زەرد تەقەیان لە کاروانێكی کۆڵبەران کردوە کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “ئیبراهیم سلێمانی، خێزاندار و خاوەنی ٥ منداڵە و خەڵکی گوندی “کانی زەرد”ی سەربە شاری سەردەشت گیانی لە دەست داوە.
شایانی باسە هەر لەو پێوەندیدا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی کورد، لە شاری سەردەشت، دەکەونە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “لوقمان محەممەدزادە” خێزاندار و تەمەن ٣٧ ساڵ، خەڵکی گوندی “شەمۆڵە”ی سەر بە شاری ڕەبەت بە سەختی بریندار بووە.
کوژرانی کۆڵبەرێکی دیکە لە سنوورەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە بە پێی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” لە کاتێکدا کە لە ماوەی سێ مانگی زستانی ساڵی ڕابردوو هەر نەبێ 54 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، یان بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست داوە.