مەلا قادر قادری، پێشنوێژی شاری پاوە و نوێنەری خامنەیی لەو شارە ،بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆزی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئارمانجدار زانی.
مەلا قادر قادری، پێشنوێژی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژکردەوی لە خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، “لە هێندێک شار و گوندەکان هەتا ساڵی ڕابردوو، خۆیان شەش دانگ بە خاوەنی ئیسلام دەزانی، ئەمساڵ زیاتر لە خەڵکی دیکە دەستیان کردووە بە هەڵپەڕکێ بە بۆنەی نەورۆز و هەموو ئەم شتە نوێیانە”.
هەروەها ناوبراو گوتی، “بڕیار بوو ئەمساڵ بە هۆی شاری عەفرین و ئاوارەبوونی خەڵکی کورد، کوردەکان هەڵپەڕکێ کەمتر بکەن، بەڵام ئەمساڵ لە چاو ساڵانی پێشووتر هەڵپەڕکێ و شایی و خۆشی جێژنی نەورۆز زۆرو فراوانتر بووە”.
مەلا قادر یەکێک لە نزیکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ، “یان من هەڵە دەکەم، یان ئەمساڵ هەرچی دەبینم ئامانجدارە، لە ئەڵڵەهوئەکبەری توندڕەوەکانەوە بگرە هەتا هەڵکردنی ئاگری نەورۆز و گۆڕینی هەڵوێستی بەرپرسان و هەڵسوکەوتی گوماناوی هێندێک لە موسوڵمانان، داوا لە خودا دەکەم دواڕۆژی ئێمە بە خێر بکا.”
مەلا قادر قادری لە کۆتایی قسەکانیدا لە شاری پاوە بە شێوەیەکی ناڕوون دەڵێ، “بەندە نە ئەهلی غەیب و نە ئەهلی کەرامەتم، بەڵام بە هۆی ئەو ئەزموونە کەمە کە هەمە لەو باوەڕەدا نیم ساڵی ٩٧ ساڵێکی باش بێ بۆ ئێمە”.
قسەکانی ئەو دواییانەی مەلا ئاینییەی نزیک لە دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی حکوومەتی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی پشتیوانی لە عەفرین دژایەتییان کرد و چەندین چالاکی کورد لەو بوارەدا دەسبەسەر و بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بانگ کران.
چالاکانی مەدەنیی و سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لەژێر ناوی”نەورۆزی جامانەکان ” داوایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە ڕەنگی خاکی، لەگەڵ جامانە ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی ئەمساڵ بڕازێننەوە، کە ئەو بانگەوازەی تووڕەیی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە و چەندین کەس لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کران.