٤ هاووڵاتیی کورد، خەڵکی “پەسوێ” سەر بە شاری پیرانشار، پاش بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لەو دەسبەسەر کران و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان ڕۆژی ٢ی خاکەلێوە، ٤ کەسی خەڵکی پەسوێــی سەربە شاری پیرانشار، بە ناوەکانی ئەیووب قادری تەمەن ١٧ ساڵ، سەلام وەتەندووست، سادق قادری و سابیر سەعیدە، پاش بانگکرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، دەسبەسەر کران.
بە قسەی سەرچاوەیەکی نزیک بە بنەماڵەی ئەو دەسبەسەرکراوانە، هێزەکانی ئیتلاعات ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” دەسبەسەر کردووە.
ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری پیرانشار بە بیانووی پشووی نەورۆز سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ٤ هاوووڵاتییە کوردە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ لە دانی زانیاری بە بنەماڵەکانیان خۆی بواردووە.
پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەو ماوەیەدا بە تۆمەتی پێوەندی هەبوون بە حیزبە کوردییەکانەوە دەستیان کردووە بە ڕەشبگیریی خەڵکی کوردستان و دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانەش نموونەیەکی ئاشکرای سیاسەتی چەوتی کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. شایانی باسە تا ئامادەکرانی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو ٤ هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نیە و بنەماڵەکانیان لە نیگەرانیدا دەژین.