کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانی کورد لە شاری سەردەشت دەکەونە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆ، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی “لوقمان محەممەدزادە” خێزاندار و تەمەن ٣٧ ساڵ خەڵکی گوندی”شەمۆڵە” سەر بە شاری ڕەبەت بە سەختی بریندار بوو.
ئەو کۆڵبەرە کوردە لە نزیک گوندی “کانی زەرد” تووشی ئەو ڕووداوە بووە و فیشەکی بەر ڕان و زکی کەوتووە بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی شاری سەردەشت گواستراوەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “محەممەد” خەڵکی گوندی”ئەسکۆڵ” سەر بە شاری مەریوان بە هۆی بەربوونەوە بە سەختی بریندار بوو.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی مستەفا ئەحمەد پوور کە ماوەی ٢ حەوتوو لەوەپێش بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی “قەمتەرە”ی سەر بە پیرانشار بە سەختی بریندار ببوو، بۆ چارەسەری پزیشکی، پێویستی بە بڕی ١٣ میلیۆن تمەن هەیە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد خەوێندراوە.
شایانی باسە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدیعا دەکەن کە هێزە چەکدارەکانیان تا ئێستا هیچ کۆڵبەرێکیان نەکوشتووە و ئەوانەی کە سنوورەکان دەکوژرێن بە قاچاخچیان ناو دەبەن.