یەکێک لە خەمخۆرانی گەل و نیشتمان بە ناوی محەممەد محەممەدیان کوڕی حەبیبوڵڵا ناسراو بە حەمەی شکۆفە خەڵکی گوندی تەنگیسەر کە رۆژی ٤ی خاکەلیوە لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ئاوایی تەنگیسەر بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە ، گیانی لەدەستدابوو، ڕۆژی ٥ی خاکەلیوەلە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی سنە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب بەخاکی نیشتمان سپێردرا.
بەئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و تێکۆشەرانی نیشتماندۆست، ڕۆژی ٥ی خاکەلێوە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا تەرمی حەمە شکۆفە لە کەشێکی نەتەوەیی و بە وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب، لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی شاری سنە بە خاک سپێردرا.
کاک محەممەد محەممەدیان کەسێکی نیشتمانپەروەر و بەهەست و بە هەڵوێست بوو و، لە بەڕێوەبردنی چالاکی و بۆنە نەتەوەییەکاندا دەوری بەرچاوی هەبوو.
جێی ئاماژەیە کاک محەممەد ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە گوندی تەنگیسەر لە دایکبووو تا قوناخی ناوەندی دەرسی خوێند و هەرلە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان لە شاری سنە بەشداری کردوە.
ناوبراو هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە تێکەلاوی تێکۆشەرانی دێموکرات وچالاکییە هونەرییەکانی حیزبی دیموکرات بوو و هەر خزمەتێک لە دەستی هاتبا دەریغی نەدەکرد. سەردەمانێک کە حیزبی دیموکرات لە ناوچەی ژاوەرۆ بنکەو پایگای هەبووە لە فێرگەی حیزبی دێموکرات بەشداربووەو کاتێک کە بەشی هونەریی حیزب لەم ناوچەیە شانۆی بەڕێوەدەبرد ئەویش چالاکانە بەشداری کاروبارە هونەرییەکان دەبوو. دواتر بەهۆی هەلومەرجی نەخوازراو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی رووی کردوە شارەکانی باشووری ئێران و خەریکی کرێکاری بوو.
کاک محەمەد ژیانی هاوبەشی لە دیواندەر پێکهێناو بە هۆی هەڵسووڕانی لە ڕێکخستن و چالاکییە نەتەوەییەکان چەندجاریش تووشی دەسبەسەرکران بوو.
ناوبراو رۆژی ٤ی خاکەلێوە لە دوایین چرکەکانی کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ئاوایی تەنگیسەر کە بۆخۆی یەکێک لە بەڕیوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە بووە، بەهۆی ڕاوەستانی دڵ، گیانی لە دەستدا و، هەربۆیە دۆستان و خزمان و هاوڕێیانی وەکوو وەفایەک بەرانبەر بە خەمخۆری و دڵسۆزییەکانی لە پێناوی نیشتمان بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب تەرمەکەیان بە خاک سپارد.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی رەوانشاد حەمە شکۆفە بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەمالە بەڕێزەکەی، خەلکی سەربەرزی تەنگیسەر و ناوچەی ژاوەرۆ دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ. یادی کاک محەممەد و دلسۆزی و وەفا و خزمەتەکانی بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی بەرز و بەڕێز بێ.