یەکێک لە دادگاکانی دەوڵەتی تورکیە، حوکمی یەک ساڵ و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ بەندکردنی بۆ عوسمان بایدەمیر پارلمانتاری کوردی لە شاری “شانلی ئوورفا”ی باکووری کوردستان، پەسند کرد.
بەپێی زانیاریی ڕاگەیەنەکانی تورکیە، دادگای “غاز عەنتابی” تورکیە، عوسمان بایدەمیر، نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP)ی بە تۆمەتی سووکایەتی بە پۆلیس لە کاتی ئەنجامدانی ئەرک، بە یەک ساڵ و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ مەحکووم کردووە.
ئەو حوکمەی کە ئێستا بۆ بایدەمیر بڕاوەتەوە، بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە پەروەندەیەکی کە ساڵی٢٠١٢ ئەوکاتەی بایدەمیر سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر بووە لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزاییدا لە بەرانبەر بینای قایمقامیەت، پاش بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پۆلیسی تورکیە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە پەروەندەیەکی بۆ کرایەوە و پاش هەڵوەشانەوەی پارێزبەندیی پارلمانتارانی کورد، لقی ٤ی دادگای دیاربەکر یەک مانگ لەوەپیش حوکمی یەک ساڵ و پێنج مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمەشی لەلایەن دادگای “غاز عەنتاب”ی تورکیەوە پەسند کراو و پێی ڕاگەیەندرا.