لە گوندی ڕازاەی تەنگیسەری ناوچەی ژاوەرۆ لە سنە، ڕێوڕەسمی نەورۆز بە بەربڵاوی بەڕێوەچوو.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوە بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە خەڵکی کوردستان، لە ئاوایی تەنگیسەر بە بۆنەی نەورۆز، ڕێوڕەسمێکی کەموێنە بەڕێوەچوو.
لەو رێوڕەسمەدا شکۆی نەورۆزی کوردەواری و ڕەمزی “پێکەوەبوون” لە ئەوپەڕی حەماسەو ڕێزگرتنەوە دەنگیدایەوە.
ڕێوڕەسمی ئاوایی تەنگیسەر لە کاتێکدا بوو کە ناوەندە ئەمنییەکان پێشتر بە بانگهێشت کردن و هەڕەشە کردن لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی لە هەوڵدابوون نەورۆزی ئەمساڵی تەنگیسەر بە کپی و بێدەنگی بەڕێوەبچێت بەو ئەو مەبەستەش ڕێگەیان نەدا لە شارۆچکەی “نێ” ی مەریوان ڕێوڕەسمی نەورۆز، وەکوو ساڵانی پێشوو بەڕێوەبچێ و چەندین کەسیان لەو پێوەندییە دەسبەسەر کرد.
بەڵام ڕۆژی ڕابردوو بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەجیاجیاکانی کوردستان بە جلوبەرگی کوردی و بە لەملکردنی جامانە وەکوو هێمایەکی شٶڕشگێڕانەو بە بەستنی گوڵوەنی شکۆی تایبەتیان بەو ڕێوڕەسمە بەخشی و لە میدیا و تۆرەکۆمەلایەتییەکان دەنگدایەوە.
شیاوی باسە چەند ساڵێکە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی مادام ناوەندە ئەمنییەکان ڕێگەنادەن لە شارەکان ڕێوڕەسمی نەورۆز بەبەربڵاوی بەڕێوەبچێ، ئاوایی و شارۆچکەکانیان هەڵبژاردوەو و تەنگیسەریش کە خاوەنی خەڵکێکی کوردپەروەرە چەند ساڵە بووتە پایتەختی نەورۆزی کوردەواری و بە یەکریزییەوە ڕێز لەو بۆنە نەتەوەییە دەگرن.
بە وتەی هەواڵنێری “کوردستان وکورد” لە ڕێوڕەسمی تەنگیسەر خەڵکی ئەو ئاواییە بە گوڵ و شیرینییەوە پێشوازییان لە مێوانان کرد و لە ئەوپەڕی یەکریزی و پێکەوەبوونەوە ڕێوڕەسمەکە بەڕێوەچوو.
گورانی و هەڵپەڕکێی کوردی بە دەوری ئاگری نەورۆز، بەشداری بەرچاوی ژنان و کچانی بەهەست وهەڵویست و منداڵانی ڕاهاتوو بە کوردایەتی لە دیمەنە جوانەکانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی تەنگیسەر و ناوچەی ژاوەرۆی سنەن.
جێی ئاماژەیە کە ئەمساڵ سەرەڕای زەبروزەنگی دەزگا ئەمنیەتییەکان بەڵام خەڵکی شاروگوندەکانی کوردستان دیسان جیلوەیی جوانییان بە بۆنەکانی تایبەت بە نەورۆز بەخشیوەو لە چەند رۆژ ڕابردوودا لە چەند ئاوایی و شارۆچکەی دیکەی کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوەو خەڵکی کورد لەو ڕێگایەوە پەیامی خۆیانیان بە گوێ دەسەڵات گەیاند.