٤ کەسیکی خەڵکی شاری سەقز و ناوچەی سەرئاوڵەی پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی مین و کەرەسته بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییەک بە ناوی “مەنسوور مورادی تەمەن ٣٦ ساڵ، کوڕی محەممەدعەلی خەڵکی گوندی “ئیسحاقئاوای” سەر بە شاری سەقز بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان، هەر دوو لاقی پەڕی.
بە قسەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو مینەدا، مەنسوور مورادی هەر دوو لاقی لە دەست داوە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کراوە.
لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، بە هۆی دەستکاری کردنی چاشنیی خۆمپارە لە ناوچەی “بانکۆڵ”ی “سەرئاوڵەی” پارێزگای ئیلام ٣ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک بوونە قوربانی.
شوناسی ٢ کەس لەو ٣ ئەندامەی ئەو بنەماڵەیە، بە ناوەکانی “شوکروڵڵا ڕەحیمی” تەمەن ٤٤ ساڵ، “عەلیڕەزا ڕەحیمی” کوڕی شوکروڵڵا تەمەن ١٠ ساڵ و خێزانی شوکروڵڵا تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیەندراوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە ئەو دوو هاووڵاتییە باوک و کوڕ بوونه و دەستبەجێ لەو ڕووداوەدا گیانیان لە دەست داوە و هەروەها خێزانی ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.
شایانی باسە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە کاتێکدا کە نزیکەی ٣٠ ساڵ لەوەپێش ئاگربەس لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕاگەیەندراوە و هێشتا نە تەنیا ناوچە سنوورییەکان ئێران لە مینە چێندراوەکان خاوێن نەکراوەتەوە بەڵکوو کۆماری ئیسلامی بەشێک لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مینڕێژ کردووە.