Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۳۱ ی خاکه‌لێوه‌ی‌ ۱۳۹۷ | 20/04/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

دیسان کۆماری ئیسلامی و تێرۆر

22/03/2018 | 18:51:53
kamalkarimiiii
کەماڵ کەریمی

ساڵانێک بوو کە کردەوەی تێروریستی لەسەر حیزب و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وەک ڕابردوو هەستی پێ نەدەکرا. بەڵام لەو ساڵانەشدا کەس نەیتوانی پاکانە بۆ ئەو ڕێژیمە بکا، کە سیاسەتی تێرۆری وەلا نابێ. تێرۆری دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنە سەر کاریانەوە لە نێوخۆی وڵات بە لێدانی فیزیکی دژبەرەکانیان دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٣٦٧ و بە پاکتاوکردنی چەند هەزار کەسیی زیندانیانی سیاسی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. ڕاست دوای ئەوەی کە فشار و ڕاوەدوونانی لاینگرانی تێکڕای حیزبەکانی ئێران، زۆر لە ڕێبەران و چالاکانی سیاسیی ناچار کرد کە وڵات بەجێ بهێڵن و ڕوو لە هەندەران بکەن، دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی کە بە هاوبەشیی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران و ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێریی ڕێبەرانی پلە یەکی دەسەڵاتدار وەک سەرۆککۆمار، وەزیری ئیتلاعات، سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانی و لە سەرووی هەمووانەوە ئایەتوڵڵا خامنەیی و بە دەستووری ڕاستەوخۆی ئەوان ئەم ئەرکەیان بەڕێوە دەبرد، ڕووی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کرد.

ئەم دەزگایە بۆ سەرپۆشدانان لەسەر جموجۆڵەکانیان باڵوێزخانە و کۆنسولگەرییەکانی کۆماری ئیسلامییان لەو وڵاتانەی کە کاری تێرۆریستییان تێدا بەڕێوە دەبرد بەکار هێنا و تێرۆریستەکانیان، بە ناوی دیپلۆماتی ئێرانییەوە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان هەڵسووڕانیان هەبوو. ئەوکاتە کەم وڵات هەبوو کە ڕێژیم شانەیەکی تێروریستیی لە هێلانە جاسووسییەکانیدا جێگیر نەکردبێ، بەڵام لە هێندێک وڵات وەک فەڕانسە بە تیرۆری دوکتۆر شاپووری بەختیار، سویس کازم ڕەجەوی، ئۆتریش دوکتۆر عەبدوڕەحمان قاسملوو، ئاڵمان دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و زۆر وڵاتی دیکەی وەک ئیتالیا، تورکیە، مالیزی و….، لە چاوچنۆکیی بازرگانیی دەوڵەتەکانیان باشتر کەڵکی وەرگرت و بە شەهیدکردنی ڕێبەران و کەسایەتییە دیارەکانی دژبەرانی، کوشەندەترین زەربەکانی لە ئۆپۆزیسیۆن دا. ئەمە جگە لە زۆر شوێنی دیکە وەک وڵاتانی عەڕەبی کە بۆ پەرەپێدانی نفووزی خۆی و بە هێزکردنی پێگەی شیعەکانی سەر بە خۆیان لە دروستکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و کاری تێرۆریستی نەپرینگاونەتەوە.

ڕەنگبێ هەڵوێستی ئازایانەی دادگای بێرلین لە دوای کارەساتی شەهیدانی میکۆنۆس و مەحکوومکردنی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی ئاگاداربوون و دەرکردنی بڕیاری ئەو کردەوە تێرۆریستییە، ڕەوتی درێژەدانی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ئاستەدا لە دەرەوە خاو کردبێتەوە، بەڵام هەرگیز هیچ یەک لەو گوشارانە نەبوونە هۆی دەستبەرداربوونی ئەو ڕێژیمە لە سیاسەتی تێرۆر و ئەوان بە هۆی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە هەر شوێنێک جێ پێیەکان بۆ کرابێتەوە، ئەو شوێنەیان کردوەتە مەیدانی تەڕاتێنی تێرۆریستەکانیان و بە ئەنجام گەیاندنی پیلانە دزێوەکانیان.

کوردستانی عێراق یەکێک لەو ناوچانەیە کە هەم بە هۆی هاوسنووری و هەم بە هۆی پێویستییان بە ئێران لەو هەلومەرجەیدا کە کەوتبووە ژێر حەساری ئابووریی عێراقەوە و هێندێک هۆکاری دیکەش و یەک لەوان کیبەرکێی پێوەندیی بەشێک لە حیزبەکانی باشوور لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە لە ڕێگەی دەزگای هەواڵگریی سپای پاسدارانەوە ڕێک دەخرا و بەشێک نەبوو لە پێویستییەکانی دەسەڵاتی کوردی لەم ناوچە، هەر زۆر زوو بوو بە هۆی کرانەوەی مەیدانێکی بەربڵاو بۆ گرووپە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئەو جێگەی ناوەندی نهێنیی قەرارگا تێرۆریستییەکەشیان لەو ناوچەدا دامەزراند. هەر ئەمەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ بەرینترکردنی پێوەندییەکانی ئەم دەزگا تێرۆریستییە لەگەڵ خەڵکانی دیکە بە دوور لە چاوی دەسەڵات و حیزبەکان.

ئاکامی دروستبوونی ئەم هەلومەرجە پەلاماردانی بنکە و بارەگای پێشمەرگە و ناوەندە حیزبییەکانی ڕۆژهەڵاتی بوو کە لە باشووری کوردستان جێگیر ببوون. دەسپێکردن و درێژەی یەک لە دوای یەکی پیلانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە باشوور تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵدا لە ڕێگەی ڕفاندن، کەمین دانانەوەو هێرش بۆ سەر بنکە و ماڵەکان بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەو نێوەشدا حیزبی دێموکرات بوون پشکی شێری بەرکەوتووە. لە ساڵی ١٣٧٧ بەم لاوە، گۆڕانکارییەکانی نێوخۆ، زیادبوونی فشارە دەرەکییەکان و جێگیربوونی دەسەڵات لە کوردستان، چەند هۆکارێک بوون بۆ ڕاوەستان یا کەمبوونەوەی ئەم کردەوە تێرۆریستییانە و لە جێگەی ئەو ڕێگەی دیکەیان (وەک فشارخستنە سەر حیزبەکانی باشوور بۆ بەرتەسککردنەوەی تێکۆشانی ئەو حیزبانە و ڕێگرتن لە هاوکاری کردنیان) گرتە بەر و لەو لاشەوە وایان نیشان دەدا کە لە ڕۆژهەڵات کورد گرفتێکی نیە و حیزبەکانیان لە مەیدانی ڕاستەوخۆی خەبات دوور خستوەتەوە. هەرچەند لە مەیداندا بوونی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو پیلانەکانیان چ لە شاخ و چ لە شار هەرگیز نەیهێشت ئەو ڕاستییەیان لە بیر بباتەوە کە خەباتی ڕۆڵەکانی کورد لەو بەشە لە خاکی کوردستان بەردەوامە و هەرگیز هەستیان بە ئارامی نەکرد. هەر بۆیە هەتا ئیستاش پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات لە ورمێ هەتا ئیلام وەک ناوچەیەکی ئەمنییەتی چاو لێ دەکەن و کردوویانە بە مۆڵگەی دەیان هەزار پاسدار و هێزی ئەمنییەتی خۆیان.

پەرەگرتنی خەبات لە نێوخۆی وڵات و بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری و داواکارییە نەتەوەییەکان، و ئاگاداربوونی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە کاریگەریی هێزە سیاسییەکان لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا ئەو نیگەرانییانەی لای ئەوان زیاتر کردووە. بێ گومان ئەمە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستپێکردنەوەی پەلامارە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەر پێشمەرگە و حیزبەکان. پیلانێک کە لە شەوی یەلدای ١٣٩٥ کە بە هۆی تەقاندنەوەی بۆمب لە بەردەم بارەگای سەرەکیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لە کاتێکدا کە پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان لەو شەوەدا یادی لە دایکبوونی ڕێبەری شەهید دوکتور قاسملوویان دەکردەوە و ٧ شەهیدی لێ کەوتەوە، دەستی پێکرد و لە کۆتاییەکانی ئەمساڵیشدا لە کردەوەیەکی بۆمب دانانەوەدا سەباح ڕەحمانی و لە پێلانێکی دزێوی تێرۆریستیدا فەرماندە قادر قادرییان تێدا بووە قوربانی و، شەهید بوون. ئەمە جیا لە پووچەڵکردنەوەی چەندین پیلانی دیکەش کە پێش بە جێبەجێبوونیان گیراوە. بێگۆمان ئەمە سەرەتایەکی نوێی دەورێکی تازەی هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییە، کە بەبەر چاوی خەڵکی باشووری کوردستانەوە و لە وڵاتەکەی ئەواندا بەڕێوە دەچێ و، خەڵکی ڕۆژهەڵات چاوەڕوانی هەڵوێستیان لێ دەکا.

ئیستا کە کۆماری ئیسلامی ڕووهەڵماڵراوانە و بێ پەروا ئەم ڕەوتە درێژە پێ دەدا، جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی یەکدەست لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و وەدەنگهاتنی دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان کە چاوەڕوانیی چاوەدێریکردنی زیاتری دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم کە بە هەر ناو و عینوانێکەوە دێنە باشوور لێ دەکرێ، بێگۆمان پێشمەرگە و پارێزەرانی نیشتمان لە هەر شوێنێکی کوردستان بن، ناتوانن بێدەنگ دابنیشن و چاوەڕوانی خەبەری کردەوەیەکی تێرۆریستی دیکە و شەهیدبوونی ڕۆڵە و هاوسەنگەرانیان بن. دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەبێ بزانن تواناکانی نیشتمان پەروەرانی کورد ئەوەندە هەیە، کە ئەوان لێی تۆقیون و هەوڵ دەدەن بەم کردەوە دژە مرۆڤانە لاوازی بکەن، کە هەرکات بیانەوێ دەتوانن لە تۆڵەی خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئەو شەهیدانەدا زەبری کاریگەریان لێ بدەن.

( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)