بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی ورمێ،وە بە دەستمان گەشتووە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوی ” یوسف ڕەزمجوو” ناسراو بە یوسف مامەمدی، بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد.
کاک یوسف مامەدی هەر لە سەرەتای ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێوەندی بە ڕێکخراوی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی دۆڵ دەگرێت و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا لە لایەن کۆمیتەی ناوچەی دۆڵ و دەشتەبێل لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دا سازمان درا و زۆر چالاکانە دەست بە کار و تێکۆشانی حیزبی کرد. لە سەردەمی پێشمەرگایەتی دا و بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی لە چەندین ناوچەی جیاوازی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتی کرد. کاک یوسف مرۆڤێکی خۆشەویست و جێی ڕێزی کۆمەڵانی خەڵک بوو. بە داخەوە بە هۆی گرانی باری قوورسی ژیان و بۆ پەیدا کردنی بژێوی بۆ ماڵ و منداڵی، لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە بۆ سەر ژیانی ئاسایی خۆی، بەڵام ئەو دابڕانەش نەیتوانی ئەشق نیشتمان و خۆشەویستی حیزبی دیموکرات لە هزر و بیری ئەو تێکۆشەرە دا بسڕێتەوە و تا دوا ساتەکانی ژیانی بە حیزبی دیموکرات و ڕێبازی پیرۆزی وەفادار مایەوە.
پێویست بە ئاماژەیەک ڕۆژی دووشەممە تەرمی ئەو ڕۆڵە خەباتگێڕەی گەلەکەمان، لە ناو ئاپۆڕەی جەماوەری ناوچەکە دا و لە گوندی زێوە لە ناوچەی دؤل، بە خاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە هۆی کۆچی دوایی مام یوسف مامەندی، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری و هەموو دۆست و هاوڕێیانی دەکات و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک دەزانین.