Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۱۹ ی گه‌لاوێژی ۱۳۹۹ | 09/08/2020 | کاتژمێر:
بابەتی رۆژ

خەڵک و کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی دەیەی چواری تەمەنی دەسەڵاتدا

18/03/2018 | 12:25:58
+A
-A
مەسعود قادریان

چوار دەیە ڕابرد بە سەر ڕاپەڕینێکدا کە بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە هەموو ئێراندا وەڕێ خرا. ئازادی، بەرامبەری، یەکسانی و گەیشتن بە مافە ئینسانی و دێموکراتیکەکان ئەو بەها و بایەخانە بوون کە خەڵک لە ئێرانی لە دەوری یەک کۆکردەوە هەتا دەسەڵاتی پاشایەتیی بۆ بڕووخێنن. خەڵکی کوردستانیش کە پتر لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەشخوراو و ماف زەوتکراو بوو، دەوری بەرچاوی لەو شۆڕشەدا بینی، بەڵام مێژوو جۆرێکی دیکە خەریکی نووسینەوە بوو.

خومەینی کە هاتەوە و جێ پێی دەسەڵاتەکەی قایم کرد، هەموو ئەو وادە و بەڵێنانەی توور هەڵدا کە بە خەڵک و حیزب و لایەنەکانی دابوو. دەسەڵاتی تازە پێگەیشتوو هەر لە بنەڕەتدا بە ماهییەتێکی تەواو ئیدۆلۆژیک دەستیان کرد بە داڕشتنەوەی یاساکانی وڵات و هەر لەگەڵ یەکەم هەنگاوەکانیشدا لەگەڵ بەربەرەکانێ و دەستکردنەوەی هێزە سیاسییەکان بەرەوڕوو بوونەوە. ژنان یەکەم توێژی کۆمەڵگە بوون کە دوای زۆرەملێ کردنی حیجاب زانییان “کۆماری ئیسلامیی ئێران” ئەو نیزامە سیاسییە نیە کە لە سایەیدا بتوانن بە مافەکانیان بگەن، بەڵکوو ئەو نیزامە خۆی دژ و پێشێلکەری سەرەکیی مافەکانیانە.

ئێعدامەکان کە لەگەڵ هاتنە سەرکاری ڕێژیم دەستیان پێکردبوو، زۆرتر بوون. ئەوەی سەربزێوی کردبا و لە بەرامبەر ڕێژیمدا ڕاوەستابا و قسەیەکی جیا و جیاوازی کردبا، خوێنی حەڵاڵ بوو. هێزە سیاسییەکان یان دەبوو ملکەچ بن، یان دەبوو بکەونە بەربەرەکانییەکی سەخت و خوێناوی لەگەڵ دەسەڵاتێک کە دەسکەوتەکانی شۆڕشێکی پاوانی خۆی کردبوو. لەو نێوەدا کوردستان جیاواز بوو.

کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی کە پێش هەموو پێکهاتەکانی ئێران نێوەرۆکی ڕێژیمیان ناسیبوو، لە ڕاپرسیی دیاریکردنی نیزامدا “نا”یەکی گەورەیان بەو ڕێژیمە گوت و خۆیان ڕێکخست کە ئەگەر ڕێژیم حاشا لە مافەکانی کورد بکا بەرگری لە خاک و نیشتمانیان بکەن. ئەوەش فتوا بەدناوەکەی خومەینی لە دژی کورد لە 28ی گەلاوێژ و هێرش بۆ سەر کوردستان و سەپاندنی شەڕ لە دژی کوردی لێ کەوتەوە. جینایەت و کۆمەڵکوژییەکانی ڕێژیم لە کوردستان، بۆ وێنە ئێعدامی 59 لاوی مەهاباد لە یەک ڕۆژدا، ئێعدامەکان لە زیندانەکان، جینایەت خوڵقێنی لە گوندەکانی وەک قاڕنێ، قەڵاتان، سۆفیان، قەرەگۆل و سەرچنار بەشێک لە دیارییەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ کورد بوون.

درێژەدان بە شەڕ لەگەڵ عێڕاق دوای ئەوەی ئەو وڵاتە ئامادەبوو قەرەبووی دەستدرێژییەکەی بۆ سەر ئێران بداتەوە، کارەساتێکی دیکە بوو کە ئەو ڕێژیمە بە سەر خەڵکی ئێرانی هێنا. کوژران و برینداربوون و نقوستانبوونی نیزیک بە یەک میلیۆن کەس، وێرانی و کاولکاریی وڵات کە چاکردنەوە سەدان میلیارد دۆلاری دەویست و خەرجکردنی سەدان میلیارد دۆلاری دیکەش لە ئاگردانی شەڕدا، ئەو تێچووەش بێگومان هەر دەبوو خەڵک لە گیان و ماڵ و ژیانی خۆیان بیدەن.

دوای ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ عێڕاق ئێعدامی جیابیرانی سیاسی لە زیندانەکان دەستی پێکرد و تێرۆری دژبەرانی سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە گوڕوتینی زیاترەوە درێژەی پێدرا، مەبەست لەوەش خنکاندنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان لە وڵات بوو. لەو نێوەدا کورد بەشی شێری بەر کەوت. تێرۆری ڕێبەرانێکی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی، دوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو دڵی ئورووپادا و تێرۆری سەدان کادر و پێشمەرگەی ئەم حیزبە هەر بۆ ئەوە بوو بزووتنەوەی کورد کپ و بێدەنگ بکەن، کارێک کە تا ئێستا بۆیان نەکراوە.

دیارییەکانی ئەو ڕێژیمە جیا لەوە چی بوون؟ ئەو شتانەی ئەمڕۆکە خەڵک بە گۆشت و ئێسکەوە هەستی پێدەکا و خەریکە لێی ڕادەپەڕێ. بێکاری، گرانی، داڕمانی ئابووری، کاڵبوونەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی دەیان قەیرانی وەک ئێعتیاد بە ماددە هۆشبەرەکان، تەڵاق، پەرەسەنندی دزی و تاوانکاری، دابەزینی تەمەنی لەشفرۆشی، خۆکوژی و زۆر خەساری کۆمەڵایەتیی دیکە کە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتوە.

لە کوردستان ئەو وەزعە بە جۆرێکی دیکەیە. پەراوێزخستنی کوردستان لە پڕۆژە ئابوورییەکان و بەچاوی ئەمنیەتی سەیری کوردستان کردن وایکردوە بێکاری لەو بەشەی ئێران زیاتر لە شوێنەکانی دیکە بێ و بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان ناچار بن پەنا بۆ “کۆڵبەر”ی ببەن. وەک دەشبینین ڕۆژ نیە چەند کەس لەو کۆڵبەرانە بە تۆمەتی هێنان و بردنی کاڵای قاچاغ نەدرێنە بەر دەستڕێژ و نەکوژرێن و بریندار نەکرێن. بێبەشیی خەڵکی کورد لە مافە سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکانی ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ دەرخستنی ئەو ڕاستییە کە ڕێژیم چاوی بە کورد هەڵنایە و کوردستان بە بەشێک لە ئێران نازانێ و کوردستانی تەنیا بۆ تاڵانبڕی سەرچاوە سروشتییەکانی دەوێ. بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان لە پاییزی ئەمساڵ و شێوەی بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەماو لەلایەن ڕێژیم و دامودەزگا ئیدارییەکانی نموونەیەکی باشە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی باسمان کرد.

لە وەها بارودۆخێکدا کە خەڵکی ئێران دەبینن ڕێژیم چیی بەسەر هێناون و چۆن هەموو سەرمایەکانی وڵات تەرخانی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ناوچە دەکرێ و خەرجی وڵاتانی سووریە، یەمەن، حیزبوڵلای لوبنان و میلیشیاکانی ڕێژیم لە عێڕاق دەکرێ، چار تەنیا ڕاپەڕینە. ڕاپەڕینێک کە لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵەوە لە شێوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی بەربڵاو دەستی پێ کردوە و ئەمجارەیان سەرەڕای سەرکوتی توندوتیژ وێناچێ پاشەکشە بە ئیرادەی خەڵک بکا. چونکی خەڵک لێبڕاون بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە تۆماری ئەو ڕێژیمە تێکەوەپێچن کە خوێنی ئەوانی لە شووشە کردوە.