یەکێک لە چالاکانی مەدەنی، کە ماوەی مانگێک لەوەپێش لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگواسترا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامیی “ئامانج”، کە ڕووماڵی هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەکرد، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ دەسبەسەرکرانی لە گرتووخانەی ئیتلاعات لەو شارە، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوسترا.
شوناسی بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی “ئامانج” بە ناوی “فەروخ عەبدی” ڕاگەیەندراوە.
بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئامانج، ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە شاری قێشم دەسبەسەر و ڕەوانە گرتووخانەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەر بوونی بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی ئامانج ڕایگەیاند، “هێزە ئەمنییەتییەکان هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراویان بۆ “پڕوپاگەندە دژی نیزام” ڕاگەیاندووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فەروخ عەبدی، بورسیەی وڵاتی ئاڵمانی بۆ خوێندن لە ئاستی دوکتورای مافی نێونەتەوەیی هەیە.