مامۆستایەکی قوتابخانەکانی شاری سەرپێڵیزەهاو، سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی گوشاری دەروونییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەشەممە، مامۆستای قوتابخانەی بوومەلەرزەلێدراوی شاری سەرپێڵیزەهاو بە هۆی کێشەی دروونییەوە، بە شێوەی خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
شوناسی ئەو مامۆستایە بە ناوی “ڕەسووڵ قارەمانی”، تەمەن ٣٧ ساڵ خێزاندار و مامۆستای قوتابخانەی “فەجر”، لە گوندی”ڕێژاو” سەر بە شاری سەرپێڵیزەهاو ڕاگەیەندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕاگەیاند: ئەو مامۆستا کوردە لەگەڵ بنەماڵەکەی یەکێک لە بوومەلەرزەلێدراوەکانی ناوچەی تازاوای شاری سەرپێڵیزەهاو بوون و ئەو ماوەیە ناوبراو لە کانێکس بێبەری بووە و لە ژێر چادردا ژیانیان کردووە.
هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، وەرزارەتی پەروەردە و بارهێنان، سەبارەت بە خۆکوژی ئەو مامۆستا کوردە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
لە لایەکی دیکەوە و لەو پەیوندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممە، یەکێک لە زۆرانبازەکانی شاری سەحنە، سەر بە پاڕێزگای کرماشان، دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
جێیوەبیرهێنانەوەیە بە وتەی شەهاب نادری نوێنەری شارەکانی پاوەو جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی نیزیک بە ٢٠ حاڵەتی خۆکوژی لە نێوان بوومەلەرزلێدراوانی پارێزگای کرماشان رووی داوە.