بەشدارانی پرسە و سەخۆشی و ماتەمینی شەهید قادر قادری !
پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
خەڵکی بە ئەمەگ و لاوانی میراتگری خوێنی شەهیدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان!
لە لایەن بنەماڵەی فەرماندەی لێهاتوو و کادری بەرجەستەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ،شەهید قادر قادری نوێترین شەهیدی دەستی تیرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوپەڕی رێز و سپاسی خۆمانتان پێشکەش دەکەین بۆ ئەو شەپۆلی هاوخەمی و هاودەردیەی کە بۆ کۆستی گەورەی بنەماڵەکەمان و لە دەستدانی باوکمان لەگەڵتان کردین و، بوون بە هۆی سووکبار بوونمان لە ژێر باری ئەو خەمە گەورەیەدا.
راستە شەهید قادر قادری باوکی ئێمە بوو بەڵام قادر قادری فەرماندە، رۆڵەی بە وەفای گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکرات بوو، کە هەموو ژیانی خۆی بەختی کوردستان کرد و لە پێناو ئازادیی نیشتمانەکەیدا سەری دانا بێ ئەوەی کە بۆ ساتێک لە خەبات دڵسارد و بێ هیوا بی لە بەرامبەر رزگاریی نەتەوەکەی لە ژێر دەستیدا.
ئێمە هەروەک چۆن بە بوونی باوکێکی دڵسۆز و هاوسەرێکی بە ئەمەگ شانازیمان بە خۆمان دەکرد کە کوڕ وکچ و هاوسەری کەسایەتیەکی وەک قادر قادری تێکۆشەر بووین ، لەمەو بە دواش شانازیی دەکەین کە بنەماڵەی شەهیدێکین کە جێگای لە نێو دڵی هەموو خەڵکی کوردستان و، دۆستان و دڵسۆزانی حیزبەکەیدا هەیە..هەر بۆیە وەک چۆن من و خوشک وبراکانم و دایکی روو سوورمان لە بەرامبەر خەمی گەورەی لە دەستدانی باوکمان کە هێز و گوڕی ژیانمان بوو نەچەماینەوە و ورەمان بەرنەدا و راوەستاو بووین لە بەرامبەر ئەو کۆستە گەورەی ژیانماندا، و هەر لە یەکەم چرکەساتەکانی بە خاک سپاردنی تەرمی باوکماندا کە لە سەری شانی خۆمان و هاوسەنگەرانی بە خاکی پیرۆزی کوردستانمان سپارد پەیمانمان لە گەڵ روحی نەمریدا نوێ کردەوە کە درێژەدەری رێگای و تۆڵە ئەستێنی خوێنی رژاوی بین ، لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش داواکارین کارێک نەکەن دووژمن پێمان خۆش بێ و دۆش دامێنین و ئەژنۆی خەم بگرنە باوەش ،بەڵکوو بە گرتنە بەری رێگا و رێبازیی خەباتی شەهیدی فەرماندە قادر قادری و هەموو شەهیدانی سوور خەڵاتی کوردستان درێژەدەری رێگایان بن تا وەدی هاتنی ئامانجی پیرۆزیان .
تێکۆشەرانی ناوخۆ ،خەمخۆرانی جوولانەوە و دێموکرات !
بێگومانم کە خوێنی بە ناحەق رژاوی قادر قادری ون ناکەن و تۆڵەی ئەو هەموو تیرۆر و ناحەقییەی لە دەرحەق بە پاکترین رۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە دەکرێ دەستێندرێ.
من وەک کچی ئەو فەرماندەیە دڵنیام کە لاوانی بە ئیمان و بە باوەڕی رۆژهەڵاتی کوردستان ناهێڵن ئەو تاوانەی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ وەڵام بمێنێتەوە .
دڵنیام کە خوێنی فەرماندەی شەهید قادر قادری دەکەن بە هەوێنی خەباتی نوێتان و کورەی خەباتی رزگاریی نەتەوەکەتان بە تۆڵەی خوێنی شەهید نێڵ دەدەن و سەردەکەون.
لە کۆتاییدا ،دووبارە رێز و سپاسی خۆمان پێشکەشی ئەو کەس و لایەن وهاوسەنگەران ودۆستانی خۆمان دەکەین کە بە هەڵگرتنی باری گرانی خەمی گەورە و بە ژانی شەهید بوونی باوکماندا ،باری خەمتان سووکبار کردین و، تین و گوڕی ژیان و خەباتتان تا وەدی هاتنی ئامانجی بەرزی شەهید قادر قادری و هەموو شەهیدانی کوردستان وەبەر ناین و بوون بە هێز بۆ بەردەوامیمان.
هەزاران سڵاو لە ناو یادی بەرزی شەهید قادر قادری نوێترین شەهیدی دەستی تاوان و تیرۆر و رێگا و رێبازی خەباتی بەردەوام بێ، تا وەدی هاتنی ئاوات و ئامانجی بەرزی.
مردن و سەرشۆڕی بۆ کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی.
بنەماڵەی فەرماندەی شەهید قادر قادری