Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۶ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 17/11/2018 | کاتژمێر:
پەیامەکان

شووڕای دیموکراسیخوازانیی ئێران: تیرۆری ئەندامانی (حدک) و (حدکا) بەهۆی کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم دەکەین

10/03/2018 | 02:18:58
+A
-A

جارێکیتر دەزگەی تیرۆری کۆماری ئیسلامی وەگەڕ کەوتەوە تا لە فەرزی مەحاڵدا پێش بە ڕووخانی دەسەڵات بگرێ. دووبارەکردنەوەی کردەوەی دزێوی تیرۆری ئینسانەکان بەدەستی بەکرێگیراوانی گوێ لەمستی کۆماری ئیسلامی بەمانای بەهێزبوون نیە بەڵکوو ئەوە نیشانەی ترس و وەحشەتێکە کە هەموو چوارچێوەی دەسەڵاتێک کە خەریکە دەڕووخێ، لەخۆی گرتووە. تیرۆری ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) سەباح ڕەحمانی کوڕی لاوی، سەڵاح ڕەحمانیکە بەهۆی مینی لاستیکییەوە لەژێر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیانی لەدەست دا و سەڵاحیش بەتوندی بریندار بوو؛ هەروەها قادر قادری یەکێک لە کادیرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کە ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کراوە و تیرۆر کراوە. ئەم تیرۆرانە لە کاتێدا ڕوو دەدا کە حکوومەت ئاگاداری کۆتایی تاڵی خۆیەتی. حکوومەت زۆر باش دەزانێ کە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران لە بەشی کوردستان لە هەر زەمەنێکی مێژووییدا ڕۆڵێکی کاریگەریی هەبووە و درێژەی سیاسەتی سەرکوتی بۆ کۆماری ئیسلامی دژوار کردووە. بۆیە لەم قۆناغەدا کە کۆمەڵگەی ئێران بەشێوەیەکی سەرانسەری و بەربڵاو چووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتییەوە، حکوومەت لە بەهێزترین خاڵەکانی ژیۆپۆلیتیکی ئێران و خەڵکێک لە ڕەگەزی ناڕەزایەتیی واتە کورد، بەلووچ، عەرەب، لوڕ و… زۆر بەتوندی لێیان دەترسێ. خەبات، بەرخۆدان و نفووزی حیزبەکانی کورد لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئێران بووەتە ناوەندێ کە لەڕاستیدا دەتوانێ وەکو یەکێک لە خاڵەکان و ناوچەکانی دیاریکەریی چارەنووسی ئێران دابندرێ. لەخۆڕا نیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە ئاکامێکی دژوار، دەستی داوەتە تیرۆری خەباتگێڕان و ئەندامانی حیزبە کوردییەکان.

کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێ بەوەگەڕخستنی تیرۆر و مرۆڤکوژی لە دەرەوەی سنوورەکان، ناتوانێ پێش بەڕووخانی دەسەڵاتە گەندەڵەکەی بگرێ. نموونەکەشی کوشتنی لاوان لە شەقامەکانی ئێران و بزووتنەوەی مانگی بەفرانبار و قەتڵوعامی زیندانیانی سیاسی بەناوی خۆکوژی، جەڵتەلێدان و یان هەر درۆیەکیتر؛ هەرگیز ناتوانێ پێش بە بزووتنەوەی بەرەوپێش و ناڕەزایەتییەکانی دژی سەرەڕۆیی بگرێ.

دەوڵەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق دەبێ لەهەمبەر کردەوەی تیرۆریستیی ئاشکرای دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی عێراق، دژکردەوەیان هەبێ و بەپێی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتی بەرگری لە حیزبەکانی کوردستانی ئێران بکەن. ڕێکخراوەکان و دەوڵەتانی دیموکراتی جیهان دەبێ لەهەمبەر کردەوەگەلی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە عێراق وەکوو وڵاتی سێهەم، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وشیاری بدەن. ئاشکرایە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدا ئەم حیزبانە پەلکێشی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی بکا بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تۆمەتی هێرشی چەکدارییان بخاتە پاڵیان و خۆی لە کێشەی کردەوەگەلی تیرۆریستی ڕزگار بکا. بەم هۆیەوە دیارە کە هێڵی سەرەکی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خەباتی سیاسی بەدژی سیاسەتگەلی دژەمرۆیی دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ بووە و ئەم خەباتە بوارگەلیی کۆمەڵایەتی بەربڵاوی لە سەرانسەری کوردستان و ئێراندا دۆزیوەتەوە.

شووڕای دیموکراسیخوازانیی ئێران، تیرۆری دوو کەس لە خەباتگێران و چالاکانی دوو حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) و حدکا، بەتوندی مەحکووم دەکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەمبەر ئەم کردەوەگەلە جینایەتکارانە بەرپرس و وەڵامدەر دەزانێ.

شووڕای دیموکراسیخوازانی ئێران

17ی ڕەشەمەی 1396

 

شووڕای دیموکراسیخوازانی ئێران پێکهاتوو لە: “بەرەی دێموکراتیکی ئێرام”، ” بەرەی یەکگرتووی بەلوچێستان”، ” بزووتنەوەی هاوپێوەندیی چەوساوەکانی دادخواز″، ” ڕێخکراوی سیاسی و کلتووریی گەلی تورکەمەن”، “حیزبی یەکیەتیی بەختیاری و لورستانییەکان:، “حیزبی دێموکراتیکی تەزامنی ئەهواز″، “حیزبی دێموکراتی کوردستان”، ” کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”، حیزبی گەلی بەلوچستان” و “ڕێکخراوی سیاسی و فەرهەنگیی ئازەربایجان”