Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 20/06/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

ئه‌ی شه‌هید (بۆ گیانی به‌رزه‌فڕی فه‌رمانده‌ قادر قادری) 

09/03/2018 | 15:50:20
+A
-A
هەڵمەت سەمەد گەرمەکی

له‌ نێو چاوی گه‌شی هه‌موو دڵۆپێك

له‌ خوێنی ئاڵتان نركه‌ی سروودی سه‌رفرازی ده‌بیستم

ڕۆژ نیه‌ كرنۆش بۆ گۆڵه‌ خوێنی ئێوه‌ نه‌به‌م …

به‌رائه‌ته‌كانی ڕۆحمی تیا پاك ده‌كه‌مه‌وه

‌شه‌و نیه‌ به‌ دیار یادگاره‌كانتان نه‌تلێمه‌وه…

‌بزه‌ و خه‌نده‌ قه‌تیسماوه‌كانی سه‌ر لێوانتان به‌ فرمێسكی چاوم نه‌شۆم و

ماچێك له‌ نێو چا‌وانی خوێناویتان نه‌كه‌م …

كه‌ وه‌ك خه‌نجه‌ری جه‌وهه‌ردار جه‌وهه‌ری لێ ده‌باری

ئه‌ی ڕۆحه‌ به‌رزه‌فره‌كان!

له‌نێو گێژاو و په‌ستیی كه‌ساسی و دڵ پڕ له‌ خه‌م و گۆڤان و برین حه‌سره‌ته‌وه‌ جێمان نه‌هێڵن ڕوو له‌ ڕوومان وه‌ر ده‌گێرن و با له‌نێو ئێشی ئازاری ویژدان سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌

شه‌هید ئێوه‌ كۆڵه‌كه‌ی ئاسمانی ئه‌م كوردستانه‌ن

ئێوه‌ مۆمی داگیرساوی شه‌وه‌زه‌نگی

وڵاته‌ سووتماكه‌كه‌مانن …

سێبه‌ری كێڵگه‌ی جوتیاران سه‌نگه‌ری به‌رخودانتانه‌

بۆنتان بۆنی ئه‌و خاكه‌یه‌ كه‌ تازه‌ ڕێژنه‌ی باران چاوه‌كانی ماچ كردووه‌

ئای ئێوه‌ چه‌ند گه‌وره‌ن شه‌هید ….

ئه‌وه‌تا ئێوه‌ به‌ ئارامی به‌ رۆحی پڕ له‌ شانازییه‌وه‌ له‌ باوه‌شی خاكی نیشتیماندا هه‌نگاو ده‌نێن و قاقا به‌سه‌ر به‌رزی رووماندا پێده‌كه‌نن ….

ئێمه‌ش هێشتا هه‌ر بۆ ئه‌و باوه‌شه‌ ده‌گرین …

ئێوه‌ كه‌ شه‌هید ده‌بن به‌ره‌و لووتكه‌ هه‌ڵده‌كشێن هه‌ر له‌ باوه‌شی كلۆ به‌فری هه‌ڵگورد چاو لێك ده‌نێن

ئه‌ی شه‌هید…

زمان لاڵه‌ له‌ ئاست وه‌سفی باڵاتان قه‌ڵه‌م تك تك ئاره‌قه‌ی شه‌رم ده‌ڕێژێ توخوا به‌ چاوی دڵ بۆمان بروانن

توخوا هه‌موو كازیوه‌یه‌ك به‌ تیشكی باوه‌رتان گه‌رم مان كه‌نه‌وه‌ ..

هه‌موو به‌یانیه‌كیش به‌ ژێی كه‌مانچه‌ی رۆحتان سۆزی كوردایه‌تیمان جۆش ده‌ن

ئه‌ی شه‌هید

مێژوومان به‌ خوێنتان، مناڵانمان به‌سروودی رێگای خه‌باتان، عیشقمان به‌ عیشقی برینە سارێژ نه‌بووه‌كانـتان، زیكرمان به‌ كوره‌ی دڵی داگیرساوتان سه‌ر بڵنده…

‌ ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تا مانای ژیان وه‌ك خۆتان گه‌وره‌تر و گه‌وره‌ تر بكه‌ن …

ئێوه‌ تێكۆشان تا به‌یداغی ئازادی وه‌ك هه‌ڵوێستان به‌رز تر به‌رزتر بكه‌ن

ئه‌وه‌ی ئێوه‌ نه‌ناسێ گه‌ل نایناسێ خاك نایناسێ ئازادی نایناسێ مرۆڤایه‌تی نایناسێ

ئه‌ی شه‌هید ………

 

هه‌ڵمه‌ت سه‌مه‌د (گه‌رمكی)
28577946_1858909317473191_6474147090629087748_nهه‌موو ڕۆژێ له‌ مه‌دالیای شانازیتان وورد ده‌بمه‌وه‌