دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێرۆر کردنی یەکێک لە کادرو فەرماندە لێهاتووەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەناوی قادرقادری لە باشووری کوردستان، کۆمەلێک لە نوێنەران و کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەلاتی کوردستان و باشووری کوردستان بەناردنی نامەو برووسکەی تایبەت، لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوخەمییان دەربڕی .
بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ناردنی نامەیەک وێڕای دەربڕینی نیگەرانی حکوومەتی هەرێم لە شەهیدبوونی فەرماندەیەکی حیزبی دێموکرات بە دەستی تیرۆر، لەو بارەوە ڕایگەیاندوە کە هەموو لایەنە ئەمنیەکانی حکوومەتی هەرێمی ڕاسپاردوە بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت.
لەدرێژەی هاوخەمی کردنی لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکان، فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پارلەمانی کوردستان بە پیشکەش کردنی پەیامێک خۆی بە هاوخەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان زانیوەو بەتوندی تێرۆری شەهید قادرقادری لە خاکی باشووری، مەحکووم کردوە.
لە بەشێک لەو پەیامەداهاتوو: بەناوی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ئیدانەی تیرۆركردنی كادیری حیزبی دیموكراتی كوردستان قادر قادری دەكەین، لە ھەمان كاتدا ئیدانەی ئەو كارە تیرۆرستییەش دەكەین كە ماوەی ڕابردوو لە ھەولێر بەرامبەر كادیرێكی حدکا ئەنجامدرا.
داوا لە دەزگا ئەمنیەكانی ھەولێر و سلێمانی دەكەین ئەنجامدەرانی ئەم دو كردەوە تیرۆرستییە بدۆزنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.
هەروەها ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی تێرۆرکرانی تێکۆشەران و شۆڕشگێرانی کورد و تاوانبار زانینی کۆماری ئیسلامی و وەگەڕکەوتنی ماشینی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان لەوبارەوە نیگەرانی خۆیانیان دەربڕی و خوازیاری هاوهەڵوێستی زیاتر بوون بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەرچەشنە کردەوەیەکی تیرۆریستی.
یەکیەتیی دێموکراتی کوردستانیش بە ناردنی پەیامێک شەهید کرانی قادرقادری لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا مەحکووم کرد و، لە بەشێک لە پەیامەکەیاندا هاتووە: وەک یەکێتیی دێموکراتی کوردستان، هەموو جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی لە ژێر هەر ناو بە هەر پاساوێک مەحکووم دەکەین و داواکارین کە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستێکی جیددی وەرگرن و بەرپەرچی کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەنەوە. لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش داواکارین کە مەترسیی سەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە جیددی وەرگرن، چوونکو ئەرکی پاراستنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە قورسایی لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە تیرۆرەکانی ئەم دواییە ڕوون بکرێتەوە و ئاکامەکانیشی بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە.