Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۷ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 28/05/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

لە سووری دۆڕاندوە لە کایەی تێ هەڵدێنێتەوە

07/03/2018 | 22:51:51
+A
-A
عەلی بداغی

مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لە دوای ڕاپەڕینەکەی مانگی بەفرانبارەوە کەوتۆتە خۆ هەتا بە داڕشتنی پڕۆژە یاسایەک هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ئێراندا بدا و بە چاوەدێریکردنی پارە و سامانی کاربەدەستانی پلەژووری نیزام، وەک خۆیان باسی دەکەن ئاوڕیان لە گلەیی و داخوازیی خەڵک دابێتەوە و لە مەودوا پێشیان بە دزی و فزییەکانی بەرپرسان گرتبێ.
بابەتی گەندەڵیی سیستماتیک لە نێو حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا چیدی تابۆ نیە، بگرە زۆر لە کارناسانی سیاسی تەنانەت کەسانی سەر بە حوکمەتیش گوتویانە ئەوەی لە ئیستادا زۆرترین مەترسیی بۆ سەر مان و مانەوەی کۆماری ئیسلامی هەیە دەستێوەردان و هێرشی وڵاتانی بیانی، یان سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیدەربڕینەکان لە نێوخۆی وڵات نیە؛ بەڵکوو گەندەڵییە کە وەک خۆرکە لە سەرتاپای ڕێژیمی داوە و خەریکە سەری دەخوا.
ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ مەجلیس دەتوانێ بەم پڕۆژە یاسایەوە بچێتە ئەم شەڕە قورسە؟ کێن ئەوانەی سامانەکەیان ئاشکرا دەکرێن و ڕێگای یاسایی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لادانەکان چین؟ ئاخۆ هەر لە جێدا دەکرێ بەرهەڵستی گەندەڵیی سیستماتیکی نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی ببیەوە؟ ئایا ئەوە تەنیا خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە لە لایەن مەجلیسی شوڕاوە، یان بەڕاستی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمیش هەستیان بەو مەترسییە کردوە؟
دیارە پێشینەی هەوڵێکی لەو چەشنە بۆ لایەحەی «لە کوێت بوو» دەگەڕێتەوە کە ساڵی 1384 لە بەرنامەی شەشەمی گەشە و پەرەپێدانی وڵاتدا گونجێندرا و دوای 10 ساڵ پەسندیش کرا؛ بەڵام قەت نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە و لە هیچ کوێ کاری پێ نەکرا. وەک چۆن دەبینین هەتا ئێستاش دەزگای قەزایی ئاکامی پرسینەوە لە گەندەڵییەکی ڕانەگەیاندوە و زۆربەی ئەو گەندەڵییانەش کە لەلایەن میدیاکانەوە ئاشکرا کراون، یان شەڕی باڵباڵێنی نێو دەسەڵات پەردەی لەسەر هەڵداونەوە، تاوانبارەکانی پێشوەختە لە ئێران باریان کردوە! ئەوانەش کە وەک بابەک زەنجانی بڕیاریان لە سەر دراوە، تاق تمەنێک لەو پارەیەی هەڵیان لووشیوە نەهاتۆتەوە جێی خۆی.
گەندەڵییەکان لە ئێران یەک و دوو نین، لە یەک دوو شوێن و جێگەی تایبەتیش نەکراون، بەڵکوو هەموو پێکهاتەی دەسەڵات و دەسەڵاتبەدەستان کەم و زۆر تێوەی گلاون.
یەکەمجار لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ڕەفسەنجانیدا گەندەڵییەکی 123 میلیارد تمەنی ئاشکرا کرا کە وەک بڕێکی زۆری گەندەڵی هەتا ماوەیەک بنێشتەخۆشەی سەر زاران بوو، لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا گەندەڵیی ماڵی سەرەتا لە 3 هەزار میلیارد تمەن‌ڕا لە هەڵڵا درا و ئێستا ڕێکۆردی 650 هەزار میلیارد تمەنی جێ هێشتووە.
گەندەڵیی هەزار میلیاردی لە ڕێکخراوی خانەنشینکراوان، ڕانتخۆریی 650 میلیۆن یۆرۆیی کۆمپانیای «سپید استوار» لە بانکی ناوەندی، وەرگرتنی بەرتیلی 30 تا 90 میلیۆن تمەنیی 170 نوێنەری خولی هەشتەمی مەجلیس لە محەممەدڕەزا ڕەحیمی، جێگری مەحموود ئەحمەدینژاد؛ گەندەڵیی 8 هەزار میلیارد تمەنی لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان، گەندەڵیی 94 هەزار میلیارد تمەنیی «پدیدە شاندیز»، گەندەڵیی 3 هەزار میلیارد تمەنیی بانکی سادرات و ونبوونی 17 پەروەندەی پێوەندیدار بە گەندەڵی و لادان لە دەوڵەتی ئەحمەدینژاد تەنیا دڵۆپێکن لە دەریای گەندەڵییە سیستماتیکەکان لە کۆماری ئیسلامیدا. خۆش ئەوەیە دەزگای قەزاییش کە دەبێ لە گەندەڵییەکان بپرسێتەوە خۆی چ وەک دەزگایەکی سەرەکیی بەڕیوەبەری وڵات و چ وەک بەرپرسانی سەرووی، بەشێکی لێکدانەبڕاو لە گەندەڵیی سیستماتیکی نێو نیزامن. هەر چەندمانگ لەوە پێش بوو کە مەحموود سادقی، نوێنەری شاری تاران لە مەجلیس لە پێوەندی لەگەڵ حیسابە شەخیسییەکانی سادق لاریجانی، سەرۆکی دەزگای قەزایی لە عەلی تەیب‌نیا، وەزیری ئابووریی هەڵ پێچا.
باسەکە ئەوەیە کە جەنابی سەرۆکی دەزگای قەزایی 63 حیسابی شەخسیی بانکیی لە بانکە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا هەیە. ئەو پووڵ و وەسیقە و بارمتە ماڵییانەی کە زیندانییەکان دەیدەنە دەزگای قەزایی دەخرێنە نێو ئەو حیسابانەوە و ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا دوایە چییان بەسەرنایە، بەڵام ئەو سوود و بەهرەیەی لە سۆنگەی ئەو پووڵانەوە دەچێتە حیسابی ئاغای لاریجانی لە مانگدا 20 میلیارد تمەن و لە ساڵدا 250 میلیارد تمەن بووە. هەروەها ئەو بڕە پووڵە لەو کاتەوە کە جەنابیان لە ساڵی 1388ەوە بە بڕیاری خامنەیی وەک سەرۆکی دەزگای قەزایی دیاری کراوە، دەکاتە 1600 میلیارد تمەنی ناقابیل. ئەو کارەی سادق لاریجانی کردوویەتی گەندەڵییەکە ئاو نایپاڵێوێ، بەڵام کێ دەبێ لێی بپرسێتەوە و مەگەر لە دەزگای داددا کەس هەیە لە سەرووی خۆی، هەتا متەقی لێوە بێ؟
لەلایەکی دیکەوە له‌ ته‌نیشت ئه‌و ورده‌ په‌روه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌کان ئاشکرابوون و لەو وتارەدا ئاماژە بە چەند نموونەیان کرا، باسی سه‌روه‌ت ‌و سامانی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامیش له‌ جێی خۆی که‌ هه‌ر سامانی خامنه‌یی و بنەماڵەکەی ئه‌وه‌نده‌ی پێی زاندراوە لە 92 میلیارد دۆلار تێپەڕیوە. جا بە دووی ئەودا دەیان و سەدان ناو ڕیز دەبن کە لەسەر خوانی کۆماری ئیسلامی و لە سامانی گشتیی خەڵک و وڵات، حسێبی میلیاردییان لە بانکەکانی ئورووپا و ئاسیادا بۆ خۆیان کردۆتەوە.
ئێستا بەو پێیە ئەگەر مەجلیس بیەوێ ئەو پڕۆژە یاسایە پەسند بکا و حاکمییەتیش بیەوێ بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە هەموو پێکهاتەی سیستمی کۆماری ئیسلامیدا کەسی دەستپاک چنگ دەکەوێ کە لە گەندەڵی نەگلابێ و وەدوای ئەو کارە بکەوێ؟
ئەمجاریان لەو پڕۆژە یاسایەدا هاتووە کە تەنیا لێپرسینەوە لە سەروەت و سامانی کاربەدەستانی دەوڵەت، سەرۆکی سێ دەزگای یاسادانان، داد و بەڕێوەبەریی و جێگرەکانیان دەکرێ. بەڵام بەیتی ڕێبەری، هێزە چەکدارەکان، بەڕێوەبەرانی بنیاتە ئابووری_ئاینییەکانی سەر بە دەسەڵات، ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکانی سەر بە ڕێبەری، نوێنەرانی خامنەیی و جێگرەکانی لە هەموو پارێزگاکانی وڵات لە لێپرسینەوەکان مەعاف کراون و ئەو یاسایە نایانگرێتەوە. باشە ئێستا کە سەرچاوەی سەرەکیی هەموو گەندەڵی و تاڵان و بڕۆیەکان لە وڵات لە لێپرسینەوە وەلا نراون، هەر لە جێدا ئەو پڕۆژە یاسایە بە نەزۆکی لە دایک نابێ؟
کۆماری ئیسلامی ڕێژیمێکە گەندەڵی لە هەناویدا دروست دەبێ. بنەماڵەیەکی گەورە کە دەسەڵات تەنیا لە پاوانی کۆمەڵە کەسێک دایە و بەڕێوەبەرانی سەرەکیی ڕێژیمەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی و، لەم بەشە بۆ ئەو بەشەی رێژیمەکەیان دەچن. بازنەیەک لە کەسانی خزم‌ و خزمانی سیاسی کە سەرەڕای هەموو جیاوازیی بیرو بۆچوونەکانیان، بەڵام لە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی بنەماڵە گەورەکە! هاوهەڵوێستن.
هەر لەبەر ئەوەشە کە وادە و بەڵێن ‌و بڕیارەکانی حکومەت ‌و دەوڵەت بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، زیاتر وەک گاڵتە دەچێ و ناتوانن چیدیکە خەڵکی پێ فریو بدەن.
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)