Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۴ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۷ | 25/05/2018 | کاتژمێر:
هزروکولتور

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە هەناردەکردنی شۆڕشەوە بۆ هاوردەکردنی هەژاری

07/03/2018 | 20:20:56
+A
-A
ئازاد مستۆفی

سیاسەتی دەرەوە بەمانای بەدواداچوونی ئامانجەکانی وڵاتێک لە کەشی نێودەوڵەتیدا و لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و دەوڵەتان و وڵاتانی دیکەیە. سیاسەتی دەرەوە، ڕێنوێنیدەری جۆری گرتنی هەڵوێستە لە جیهان و کۆیەک لە مەبەستەکانی نێودەوڵەتی و ڕێگەکانی گەیشتن بەو ئامانجگەلە لەخۆ دەگرێ. بێگومان هەر وڵاتێک بەپێی بەرژەوەندی خۆی، سیاسەتەکەی دادەڕێژێ و بەپێی کات و لە قۆناغەکانی مێژووییدا گۆڕانی بەسەردا دێت.
سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک سەرچاوەگرتوو لە پڕۆسەیەکی چەندلایەنەی هەڵوێستگرتنە کە ئەژمارێکی زۆر لە دامودەزگە حکوومی و ناحکوومییەکان تێیدا بەشدارن. هەرکام لەو ئەکتەرانە بەدوای ئامانجی جیاوازی خۆیەتی کە ڕەنگە ئامانجەکان پێچەوانەی یەکتریش بن و ئەم جیاوازی و دژبەرییە لە گرتنەپێشی سیاسەتی دیاریکراودا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەر یەکەیەک، بەجۆرێ دەستێوەردانی سیاسەتی دەرەوە بکا. ناهەماهەنگی لە سیاسەتی دەرەوەدا دەبێتە هۆی ئاکامگەلی نەخوازراو و وەدینەهاتنی ئەو سیاسەتە سەرەکییەی کە بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵات داڕێژراوە. ئەم بابەتە ئەوکات جددی دەبێتەوە کە ئامانجگەلی جۆراوجۆر، هاوکات بەیەکەوە جێبەجێ دەکرێن. لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەکتەرگەلی ناسراو دەورێکی سەرەکی دەبینن؛»هەرچەند ڕوونە کە وڵاتان وەکوو یەکەیەکی سیاسی گرنگترین ئەکتەری گۆڕەپانی نێودەوڵەتین بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە بەرپرسانی ئاست باڵای نیزامگەلی سیاسین کە لەلایەن وڵاتانەوە هەڵوێست دەگرن.»(Plano (1998), P. 89)
«بەهاکان، ئەو توخمە پێکهێنەرانەن کە کاریگەری لەسەر کرداری مرۆڤ دادەنێن. هەرکەسە و هەوڵ دەدا بەهاکانی جێی باوەڕی خۆی لە چوارچێوەی ئامانجی سیاسیدا بسەپێنێ و کەسانی خاوەن هەڵوێستیش لە سیاسەتی دەرەوەدا هەوڵ دەدەن، بەهاکان و ئەزموونەکانیان لە هەڵوێستەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە و هەر لەم کاتەشدا ئەوان دەچنە ژێرکاریگەریی هۆکارگەلێکی زۆری کەشیی نێوخۆیی و دەرەکی». (Bilton, Tony, Kevin Bonnet; Introductory Sociology; Second Edition London: McMillan, 1987.)
یەکێک لە بابەتگەلی گرنگ سەبارەت بە هەڵوێستگرتن لە سیاسەتی دەرەوە، ئاگەداریی لە نوێترین زانیارییە سیاسی و ئابوورییەکانە لە ئاستی جیهانیدا. ڕۆژانە زانیاریگەلێکی زۆر دێتە بەردەست کەسانی پسپۆڕ و خاوەن هەڵوێست بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە، ئەگەر لەو زانیارییانە بەدروستی و لەکات و دەرفەتی پێویستی خۆیدا بەبێ گوێدانە ڕوانینی تاکەکەسی و دەمارگرژیانە کەڵک وەربگیردرێ بەقازانجی گشتیی دەبێ و هەموو تاکەکانیی وڵات لێی سوودمەند دەبن. «جوغرافیا بەڕوونی پایەدارترین هۆکارێکە کە بنەمای دەسەڵاتی نەتەوەیی پێک دێنێ.» (مورگنتا، هانس، سياست ميان ملتها). بۆیە خاڵی گرنگ ئەوەیە دەسەڵاتداران و ئەکتەرانی داڕێژەری کاریگەر لە سیاسەتی دەرەوەدا کەڵک لە جوغرافیا وەربگرن و لەجیاتی ئەوەی دراوسێکانیان بکەنە دوژمنی خۆیان ببنە هاوپەیمان و یان لانیکەم پێوەندییەکی دۆستانەیان هەبێ کە لە ئابووریدا ڕەنگدانەوە ئەرێنییەکەی خۆبنوێنێ.

سیاسەتی دەرەوە و هەناردەکردنی شۆڕش
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، «هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران» بۆ دەرەوەی وڵات و بەتایبەت بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێڵی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووە و گرتنەپێشی ئەم سیاسەتە کە هەتا ئێستەش درێژەی هەیە و سپای قودس جێبەجێی دەکا؛ ناوچەکەی تووشی ئاڵۆزی و خوێنڕێژیی زۆر و بەردەوام کردوە.
هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکان و درێژەدانی شەڕی عێراق و هەروەها دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێی کە هەمووی لەپێناو سیاسەتی «هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران»ەوە بوو، زیاتر و زیاتر ئێرانی لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا تەریک خستەوە و دەرفەتەکانی گەشەکردنیشی لەدەست دا. دەستگرتن بەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و دواتریش هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکانی بریتانیا و سعوودیە و هەروەها تیرۆرەکانی سپای قودس لە دەرەوەی وڵات، گرژیی و ئاڵۆزی نانەوە لەگەڵ میسر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرێن، ئاستنزمبوونیی پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئوردۆن و پشتگیریی بەئاشکرا لە حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس و حوسییەکانی یەمەن؛ ئەو هۆکارانەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەلماندوویەتی ئەوە سپای قودسە کە لە ڕێی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دادەڕێژێ و لە ڕاستیدا وەزارەتی دەرەوەش ئاسانکاریی بۆ ئەو هێزە تیرۆریستییە دەکا و بە زمانێکی دیپلۆماسییانە پاساوی بۆ دێنێتەوە.
پاش نەمانی حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و حیزبی بەعس لە عێراق و سەرکۆماریی عەبدڕەبو مەنسوور هادی لە یەمەن، ئەوە ئێران بوو کە بۆشایی دەسەڵاتی لە ناوچەدا پڕ کردەوە و تیرۆری نەیارانیی کردە چەقی سیاسەتی دەرەوەی لە ئەفغانستان و عێراق و یەمەن. لە پاش دەوڵەتی نۆیەمیشەوە ڕووی کردە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئاسیای شەرقی و ئورووپای وەلانا و لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیشدا پشتگیریی لایەنگرانی خۆی لە ئاسیای ڕۆژاوا و باکووری ئەفریقیا کرد.
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خاک و خەڵکەکەی دانەڕێژراوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای شێوازێکی تایبەت لە بڕوای ئیسلامی_شیعی دامەزراوە کە ئابووریی وڵات بۆ بڕەودان بەو باوەڕە لە دەرەوەی وڵات سەرف بکرێ. گرتنەپێشی ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەرچی زیاتر کەلێنی نێوان سیاسەتی دەرەوەی ئێران و وڵاتانی دراوسێی و زلهێزەکان بەرینتر بێتەوە و لە بواری ئابووریشەوە هیچ داهات و سەرمایەگوزارییەک ڕووی تێ نەکا.

سیاسەتی دەرەوە و هاوردەکردنی هەژاری
لە ژئۆپۆلۆتیکی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پاش شەڕی سارد کە لەلایەکەوە ڕووسیە، ئێران، عێراق، حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپەکانی ئەفغانستانن؛ ئەمریکا و ئیسرائیل و شوڕای هاوکاری کەنداو و میسریش لەلایەکی دیکەوەن و تورکیەش لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا بەپێی بەرژەوەندییە ئابوورییەکەی یاری دەکا. بێگومان دەستێوەردانەکانیی ئەم دواییانەی ڕووسیە و تورکیە لە ناوچەکەدا بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی ئابوورییە و ئەوە یەکێک لە ئەرکەکانی دامودەزگەی پێوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێکە کە سەرمایەگوزاریی بیانی بۆ وڵاتەکەی ڕابکێشێ یاخود سەرمایە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ وڵاتەکەی بێنێ و هەلی کار و خۆشگوزەرانی بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەکەی بڕەخسێنێ.
ئێران لەکاتێکدا پشتی بە ڕووسیە بەستووە کە ڕووسیە خۆی پەیوەستە بە نەوت و گاز و لە ژێرکاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت و گەمارۆی ئەمریکایە و بەهای نرخی ڕوبڵی ڕووسیە نیوە بووە. پێنج ساڵ پێش لەمە ئەم وڵاتە ٥٢٧ میلیارد دۆلار هەناردەی بوو بەڵام ئێستە هەناردەی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە ٢٨٢ میلیارد دۆلار، گەشەی ئابوورییەکەشی لە 5/3% ەوە بووەتە ژێر سفر.
سعوودیە ماوەیەک پێش لەمە ٥٠٠ کۆمپانیای ئەمریکی، ئورووپایی و ژاپۆنی بانگهێشت کرد کە لە باکووری مەدینە بۆ دروستکردنی شارێک کە تەواو تەکنۆلۆژی بێ، سەرمایەگوزاری بکەن. لە ساڵی ڕابردوودا سەنگاپوور _ کە دوڕگەیەکە هەر بەقەدەر تاران دەبێ_ ٦٧ میلیارد دۆلار سەرمایەی بۆ وڵاتەکەی ڕاکێشاوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا _کە دەڵێن باشترین ساڵ بووە بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی_ تەنیا ٨٧٠ میلیون دۆلاری بۆ سەرمایەگوزاری ڕاکێشاوە. ئەمریکا لە ساڵی ڕابردوودا ٧٠٠ ملیۆن دەزگای ئایفۆنی فرۆشتووە و عەڕەبستان لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری بۆ لابیکردن لە ئەمریکا هەزینە کردووە کە گرێبەستی سەربازیی ٤٧٠ میلیارد دۆلاری نێوان ئەمریکا و سعوودی یەکێک لە هێماکانی بوونی ئابووریی سعوودیەیە لە ئەمریکا کە بووەتە هۆی خوڵقاندنی ٣٨٠ هەزار هەلی کار بۆ ئەمریکییەکان.
باسەکە ئەمەیە کە ئەو ڕێسایانەی کە لە کۆنگرەی ئەمریکادا ٤٢٣ دەنگی بەڵێ و ٢ دەنگی نای وەرگرت، داوای لە کۆمپانیاکانی دنیا کردووە کە هیچ جۆرە سەرمایەگوزارییەک لە ئێراندا نەکەن. ماوەیەک پێش لەمە شاندێکی ئێران سەردانی سوئیسی کرد کە سەرمایەگوزاریی لە ئێراندا بکەن بەڵام ئەوان پێیان گوتبوون کە ناتوانن دژی بڕیاڕی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا هیچ جۆرە مامەڵەیەکیان هەبێ.
سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی شیعی_ ویلایەتی فەقیهە، لەدەستدانی سەروەت و سامانی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە و نەیتوانیوە سەرمایە و وەبەرهێنانی پێویست و لە ئاستی شیاودا بۆ وڵاتێکی بەرینی وەکوو ئێران ڕابکێشێ. ئێران دەیتوانی داهاتی نەوت بۆ گەشەی ئابووریی وڵات تەرخان بکا و لەسەدا نەوەدی وڵاتانی جیهان سیاسەتی دەرەوەیان بۆ ڕاکێشانی سەرمایە و وەبەرهێنانە لە وڵاتەکەیان، بەڵام پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاژاوەنانەوە لەلایەن ئایەتوڵڵاکانەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتە زۆرینەی لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین. هەرچەند ئێران لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا ئیدعای ئەوە دەکا کە لە ئەفغانستانەوە هەتا یەمەن ئیمپراتۆرییەکی ڕانەگەیەندراوی ویلایەتی فەقیهی دامەزراندووە، بەڵام ئەم گورگە کاغەزییە چونکە ئابوورییەکەی ڕووخاوە، فشارەکانی سەر خەڵکی ئێران وایکردووە بەردەوام خۆپیشاندانی بەرین دژی دەسەڵاتی مافیایی ببینین و، گڕکانی ئەم گڕانە لە سەرانسەری ئێراندا خەریکە دەبێتە پارچە ئاگرێ، کە سووتانی ئەو گورگە کاغەزییەی بەدواوە دەبێ و لە داهاتووشدا بنیاتنانی وڵاتێک بە خەزێنەیەکی بەتاڵەوە گەلێ ئەستەمە.
( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)