Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۲۹ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 21/10/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

نافەرمانیی مەدەنی و ئاکامەکانی

07/03/2018 | 20:01:36
+A
-A
رەزامحەممەدئەمینی

لەدوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو بەملاوە، پرسی نافەرمانیی مەدەنی وەک شێوەیەک لە شێوەکانی خەبات و ناڕەزایەتیدەربڕین لەلایەن چین و توێژەکانی خەڵک و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران هاتووەتە گۆڕێ و گرینگی زیاتری پێ دەدرێ. کۆمەڵانی خەڵکی ئێران وێڕای ئاگاداربوون لە نێوەڕۆکی دژی گەڵی و دواکەوتووانەی کۆماری ئیسلامی و دڕندەیی دەزگای سەرکوت و بێ‌پەروابوونی لە خوڵقاندنی جینایەت و کوشتاری خەڵک و بەندکراوەکان، هاتوونە سەر ئەو باوەڕە کە بۆ پاشەکشە پێکردن بەو ڕێژیمە و دەستەبەری ماف و ئازادییەکانیان لە نافەرمانیی مەدەنی وەک چەکێک کە لەلایەک دەتوانێ لە باردۆخی ئێستادا کاریگەرتر لەهەر چەکێک بێ و لەلایەکی دیکە تێچووی گیانیی کەمتری لێ دەکەوێتەوە، کەڵک وەربگرن و بە گژ دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەدا بچنەوە.

لەو نێوەدا جووڵانەوەی نا بۆ «حیجابی زۆرەملێ» کە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو لە شەقامی ئینقلابی تارانەوە دەستی پێکرد و خێرا لە گەورەشارەکانی دیکەش وەڕێ کەوت، یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم نافەرمانییە مەدەنییانەیە کە دەتوانێ لە ئەگەری بەردەوامی و بەربڵاویی خۆیدا کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە لە ڕوانینە دواکەوتووەکەی لە پێوەندی لەگەڵ ما فەسەرەتاییەکانی ژنانی ئێراندا بکا و بەستێنێکی لەباریش بێ بۆ پەرەسەندنی نافەرمانییەکانی دیکەی کۆمەڵگەی ئێران.

گرینگیی ئەو نافەرمانییە مەدەنییە، سەرەڕای سیاسەتی سەرکوت و بگرەی ژنان و تۆقاندنیان بە سەپاندنی سزای قورس لەوە دایە کە ترسێکی زۆری خستۆتە دڵی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، ئەوەتا ئەحمەد خاتەمی، پێشنوێژی ڕێوڕەسمی حکومەتیی نوێژی هەینیی تاران کە بە یەکێک لە مۆرە هەرە دواکەوتووەکانی ڕێژیم دادەندرێ، لە نوێژی هەینیی ئەم حەوتوویەدا وێڕای دەربڕینی دژایەتیی سەختی خۆی لەگەڵ لادانی حیجاب و ئازادیی پۆشین هەڕەشەی لە ژنان کرد و داوای لە دەزگای سەرکوتی ڕێژیم کرد کە بە توندی لەگەڵ سەرپێچیکەران بجووڵێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاشکرا ترس و دڵەڕاوکێ لە قسەکانی ناوبراو و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیم لە شارەکانی دیکەی ئێراندا بەدی دەکرێ و، دیارە ئەو حەڕەکەتە بەتەواوی تاساندوونی. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەباشی لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی مەدەنی و جووڵانەوەی نا بۆ حیجابی زۆرەملی گەیشتوون و بە ئەرکی خۆیانی دەزانن کە بە هەر شێوەیەک بێ، دەبێ بەربەرەکانێی لەگەڵ بکەن. بەو حاڵەش گرتن و سەرکوتی توندی ژنان نەیتوانیوە کاریگەر بێ و ژنان چاوترسێن نەکراون و ناوەناوە درێژەیان بەو حەڕەکەتە ئیعترازییە هەر داوە.

ئێستا چاوەڕوان دەکرێ لە بەرەبەری هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژناندا شەپۆلی جووڵانەوەی نا بۆ حیجابی زۆرەملی بە گوڕتر و بەرفراوانتر لە پێشوو پەرە بستێنێ و ڕێژیم تووشی کێشە و تاسان بکاتەوە. ڕێژیم لەو ترساوە و لە ئێستاوە هێزە سەرکوتکەرەکانی وەک بەسیج و سپاە ڕێکخستوون تا لە هەشتی مارس و پاشان ڕۆژەکانی پێش نورۆز بەتایبەت ئێوارەی نەورۆز و چوارشەممەسووریدا هەرچەشنە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکی جەماوەری لە شوێنە گشتییەکاندا سەرکوت بکەن. بەڵام دڵنیاییەوە لە ئەگەری هاتنەسەر شەقامی بەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت ژنان و کچانی وەزاڵەهاتوو لە چنگی سەرەڕۆیی دەسەڵات، کۆماری ئیسلامی و دەزگا سەرکوتکەرەکانی توانای ڕووبەڕووبوونەوە و سەرکوتی ئەو جووڵانەوەیان نابێ و ناتوانن زیندانەکان لە ژنان و کچانی ئازادیخوازی ئێران بئاخنن. چونکە لەلایەک ئەزموونی ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو نیشانی داوە هەرچەشنە تووندوتیژییەکی هێزە سەرکوتکرەکان لەگەڵ ژنان و کچان ناڕەزایەتیی گشتی و ڕق و تووڕەیی لاوان و پیاوانی لێ دەکەوێتەوە و لەلایەکی دیکەش جووڵانەوەی نا بۆ حیجابی زۆرەملی و هەموو نافەرمانە مەدەنییەکان بەدوور لە توندوتیژییە و هەربۆیەش پشتیوانیی ڕێکخراوەکانی پاڕێزەری مافی مرۆڤ و دنیای ئازاد و نەتەوە یەکگرتوەکانی بەدوادا دەبێ و ڕێژیم ناتوانی بە ئاسانی و بەبێ دانی «باج» و لێکەوتەکانی سەرکوتیان بکا.

بە ڕوویەکی دیکەشدا ئەو ڕێژیمە داتەپیوە لە نێوخۆی وڵات لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی قووڵ و بنەڕەتیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە دەرەوەی وڵاتیش لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و ڕۆژاوا بەرەوڕوویە کە توانای دربازبوونی لێیان نیە و ناتوانێ چارەسەریشیان بکا. هەربۆیەش ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و ئێستا لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی ژنان و سەری ساڵی تازەدا فرەڕەهەندن و تەنیا لایەنێک لە قەیران و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ناگرێتەوە، بەڵکوو گشتگیرە و لەلایەک ڕووی لە تەواوەتیی ڕێژیمی دیکتاتۆڕی و تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامییە و لەلایەکی دیکەش ئەو ناڕەزایەتییانە ئەگەر تەنانەت بەشێوەی کاتیش سەرکوت بکرێن، چونکە ڕێژیم توانای بنەبڕکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانەکانی نیە، سەرلەنوێ بە گوڕتر لە پێشوو سەرهەڵدەدەنەوە. کەوابوو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دەبێ پەرە بەنافەرمانیی مەدەنی بدەن و بە لەژێرپێنانی هێمنانەی یاسا داسەپاوە دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامی دەنگی بێزاری یخۆیان بە گوێی یەکتر و بە جیهان بگەیەنن.

جووڵانەوەی نا بۆ حیجابی زۆرەملی لە بەرەبەری هەشتی مارس لەلایەن ژنانی ئێران چ لە نێوخۆ و چ لەدەرەوە دەبێ بایەخی تایبەتیی بدرێتێ، بەتایبەت پیاوانیش بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سازکردنی کەمپەینی پارێزگاری لە «ژنان و کچانی شەقامی ئینقلاب» دەبێ هەڵوێستی بوێرانەیان هەبێ و بە کردەوە پشتیوانی لەو حەرەکەتە و لە خانمەکان بکەن، تەنانەت دەبێ لە ئەگەری لێدان و سووکایەتی پێکردن بە بەشداربووان لەو نافەرمانییە مەدەنییە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، بە بێ ترس و دوودڵی بەرگری لە خاتوونە ئازادیخوازەکان بکەن. بێ گۆمان نافەرمانی مەدەنی هیچ ناتەباییەکی لەگەڵ دیفاع لە خۆکردن لە ئاست توندوتیژی و کردەوە قیزەوەندە سەرکوتکەراندا نیە و بەرگری مافی ڕەوای گەلانی مافخوراوی ئێرانە.

( لە ژمارەی ٧٢١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)