ڕۆژی٤ی مارسی ٢٠١٨( ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٦) لە بنکەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کۆ بۆوە. لەم کۆبوونەوەیە دا کە هەیئەتەکانی هەر پێنج حیزبی ئەندامی ئەو ناوەندە تییدا بەشدار بوون، سەرەتا راپۆرتی کارو تێکۆشانی یەک مانگی ڕابردوو، ئاوڕی لێ درایەوە. کۆبوونەوە، وێرای هەڵسەنگاندنی کارو هەنگاوە هاوبەشەکانی نێوان دوو کۆبوونەوەی ناوەند، کردەوەی تیرۆریستی لە دژی دوو تێکۆشەری کوردی ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەی بنەسڵاوە کە شەهیدبوونی سەباح رەحمانیی لێ کەوتەوە، مەحکووم کرد و هاوخەمیی هەموو لایەنەکان لە گەڵ بنەماڵەی ئەو شەهیدە و هاوسەنگەرانی بەرز نرخاند.
یەک لە خاڵەکانی دەستووری کاری ئەم کۆبوونەوەیە، باس لە سەر گەڵالەی ئامانجەکان، ئەرکەکان و پێڕەوی نێوخۆی ناوەند بوو کە ئامادە بووان پێشنیار و تێبینیی خۆیان لە بارەیەوە خستە روو بۆ ئەوەی گەڵالەکەی پێ دەوڵەمەند بکرێ و دوای گونجاندنیان جارێکی دیکە بخرێتەوە بەر نەزەری لایەنەکانی ئەندامی ناوەند. هەر لەم بەشەی باسەکانی کۆبوونەوەی ناوەند دا، پێویستیی ئامادەکردنی لۆگۆیەکی تایبەت بۆ ئەم ناوەندە و راسپاردەی پیویست لەم پیوەندییە دا وەبیر هێنرایەوە.
کار و چالاکیی پێکەوەی حیزبەکانی ئەندامی ناوەند و پەیام وبانگەوازی هاوبەش لە پێشوازی ٨ی مارس و نەورۆزدا، خاڵێکی دیکەی دەستووری کاری چوارەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری بوو کە لەم دوو بوارەش دا، دوای ئاڵوگۆڕی بیرورا، ٥ لایەنی ئەندامی ناوەند، لە سەر ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکی و کۆبوونەوەی هاوبەش ڕێک کەوتن. دیارە لە بارەی چۆنیەتیی پێشوازی لە جەژنی نەتەوەیی نەورۆزیش باسی پێویست کراو بڕیار درا لە داهاتوویەکی نزیک دا پەیام و بانگەواز و راسپاردەی ناوەند بە ئاگاداریی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بگەیەندرێ.
پێوسیتە بگوترێ هەیئەتی دیاریکراوی حیزب بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی هاوکاریدا بە سەرپەرستیی هاوڕێ قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزب لەم کۆبوونەوەیە دا بەشدار بوو.