بە پێی هەواڵی گەیشتوو عەبدوڵڵا خزری ناسراو بە مام عەوڵای بنێوخەڵەفی، دانیشتووی گوندی بنێوخەڵەف لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت کە برای دوو شەهیدی حیزب بە ناوەکانی محەممەد خزری و خدر خزری و هەروەها برای یەکێک لە کەم ئەندامانی حیزب بە ناوی کاک ئیبراهیم خزرییە، بە هۆی نەخۆشی کۆچیدوایی کرد.
کاک عەبدوڵلا خزری مرۆڤێکی خاکی و کەسێکی جێی باوەری خەڵک و خۆشەویستی دانیشتووانی ناوچە بوو، لە ماوەی خەباتی سەخت و خوێناوی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دوو برای لە ریزەکانی حیزبی دیموکرات لە شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ رژێمی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون و برایەکی بە ناوی ئیبراهیم خزری کە ئێستاش ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانە لە کاتی شەڕدا بریندار و کەم ئەندام دەبێ، کاک عەبدوڵلا لە لایەن رژێمەوە چەندین جار بانگ کراوە و لە گوند و زێدی خۆی دەرکراوە و بە زۆر ڕەوانەی باشووری کوردستانیان کردووە و هەموو کات بە شێلگیریەوە پشتیوانی لە برا پێشمەرگەکانی و، هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و هیچ کات هەڕەشەکانی رژێم نەیانتوانیوە لە سەر ورە و ئیمانی کاک عەبدوڵلا کاریگەری هەبێ .
بە هۆی خزمەتی بەرچاوی ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە هۆی بوونی سێ برا لە ریزەکانی حدک، کاک عەبدوڵلا هەمیشە شانازی بە براکانییەوە کردووە و خەڵکیش بە دڵەوە کاک عەبدوڵلا و بنەماڵەکەیان خۆش ویستووە و رێزیان لێگرتووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچیدوایی مام عەبدوڵاوە پرسە و سەرەخۆی لە بنەماڵە و کەس و خزمانی لە ناوخۆ و دەرەوە وڵات، بە تایبەت هاوڕێی ئازیزمان کاک برایم خزری دەکات و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک دەزانین.