بەپێی هەواڵێک کە لەشاری مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە، کاک ڕەحیم جیهانگیرپوور، باوکی شەهید ئەبووبەکر جیهانگیرپوور، ناسراو بە ئەبووبەکر جیهانگیری، رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمە لە شاری مەهاباد، بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو لە بنەڕەت خەڵکی گوندی قومقڵای شاروێرانی مەهابادەو، ناسراون بەماڵی بەفراوان.
شیاوی باسە بە هۆی خۆشناوی و کوردایەتی ئەو بنەماڵەیە، تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی مەهاباد، لە ئەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە لە گۆڕستانی ئەوشارە بەخاک سپێردرا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە شەهید ئەبووبەکر جیهانگیرپوور، لە ١٧ی بانەمەڕی ساڵی ٦٢ی هەتاوی لە گەڵ ١٣ هاورێ دیکەی لە هێرشی بەربڵاوی رێژیم بۆ سەرئاوایی سەیدئاوا، هەڵکەوتوو لە دوو کیلومێتری ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد، گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە، وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی بە سەرجەم خەڵکی شۆڕشگێڕی مەهاباد، بە تایبەتی تایفەی خۆشناوی بەفراوان و، سەرجەم کەسوکاری مام ڕەحیم، خۆی لە خەمیان بە شەریک و، بەشدار دەزانێ.