بە پێی هەواڵی گەشتوو ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمە بەرانبەر بە ٢-٣-٢٠١٨ی زایینی خاتوو ڕەعنا شەڵماشی خوشکە گەورەی شەھیدی سەرکردە مەلا ئاوارە، مامۆستا محەممەد شەڵماشی زاناو نوسەر و کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری سلێمانی باشوری کوردستان کۆچیدوایی کرد.
شایانی باسە خاتوو ڕەعنا کە لە باری تەمەنەوە لە ھەمو خوشک و براکانی بنەماڵەی شەھیدی سەرکردە مەلا ئاوارە گەورەتر بوو، ھەر لە تەمەنی لاویەتییەوە لە باشووری کوردستان دەژیا و بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری پێکھێنابوو کە خاوەنی چەند کوڕ و کچی دڵسۆز و کوردپەروەر بوو.
یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی عوسمان لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەڕایەوە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و چەندین ساڵ لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە تایبەت لە دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشمەرگە بوو، جێگای باوەڕی ئەندامانی دەفتەری سیاسی و شەھیدی ڕێبەر دوکتور قاسملو بوو.
دایە ڕەعنا مرۆڤێکی دڵسۆز و خۆشەویستی ناو کەس و ناسیاوەکانی بوو، خاتوونێکی جێی متمانە و کوردپەروەرێکی دڵسۆزی خاک و نیشتمانەکەی بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچیدوایی خاتوو ڕەعنا شەڵماشی،ەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و خزمانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێی ئازیزمان کاک مستەفا شەڵماشی دەکەین خۆمان بە شەریکی غەمی ھەموو بنەماڵەی شەڵماشی و بە تایبەت کوڕەکان و کچەکانی ئەو خاتوونە بەڕێزە دەزانین و سەرەخۆشیان لێ دەکەین.