بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە ناوچە سنوورییەکان، دوو برا کە خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بانەن، بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەممە، دوو هاووڵاتیی کورد لە سنووری “بروویشکانی” سەر بە بەشی “نەنووڕی” شاری بانە بوونە قوربانی مینە بەجێماوەکان و یەکێکیان لاقی لە دەست دا.
شوناسی ئەو دوو برایە، بە ناوەکانی “یادگار و کامران ئەمینی” خەڵکی گوندی “بژی” سەر بە شاری بانە ڕاگەیەندراوە.
ئەو ڕووداوە کاتژمێر چواری دوانێوەڕۆ ڕووی داوە و لەو ڕووداوەدا کامران لاقی ڕاستی لە دەست داوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراون.
پێشتریش، ڕۆژی هەینی ٢١ ڕەزبەر، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی چێندراوی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری بانە هاووڵاتییەکی دیکەی لاو بە ناوی “نەجمەدین قادری” تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی مەجید بە سەختی بریندار بوو.
رێكخراوی یونیسێف، وڵاتی عێراق و سنوورەكانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ ئێران بە ٢٠ میلیۆن “مین”ـەوە وەک “پڕ مینترین” ناوچەی دونیا ناودێر كردووە، كە ١٠٠٠ كیلۆمیتر لە خاكی عێراق مینڕێژە و بەشێكی زۆری خاكی عێراق هاوسنووری ناوچە كوردنشینەكانی ئێرانە و خەڵكیش بە هۆی كاسبی و كاروباری كۆڵبەری لەو سنوورانە زیاتر دەبنە قوربانی.
جێی وەبیر هێنانەوەیە لە ڕاپۆڕتی شەشمانگەی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) لە شەشمانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە ٤٥ قوربانیی لێکەوتۆتەوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ١٧ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە.