ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەریوان بە بانگکردنی شورا و دێهیارانی گوندەکانی سەر بەم شارە، دەیەوێ پێش بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لەو گوندانە بگرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە دووهەم ڕۆژە کە ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەریوان، شورا و دێهیاری گوندەکانی “نەنە”، “نێ” و “باڵک”ی بانگ کردووە و هەڕەشەی لێکردون لە بەڕێوەچوونی ڕێورەسم و جێژنی نەورۆز خۆبپاریزن. بەڵام
لە لایەن شورا و دێهیارانی گوندەکانی “نەنە”، “نێ” و “باڵک” داواکارییەکەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕەد کراوەتەوە.
ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، هەڕەشەی لە شوڕا و خەڵکی ئەو ناوچانە کردوە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکاندا هەر جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو بدا شورا و دێهیارانی ئەم گوندانە بەرپرسیارن.
لەگەڵ نزیک بوونەوەی ڕێوڕەسمی نەورۆز ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەسبەسەرکردن، بانگکردن و هەڕەشە کردن لە هاووڵاتییانی کورد، هەوڵ دەدا پێش بە بەڕێوەچوونی ئەو جێژنە نەتەوەیییە بگرێ.
ساڵی ڕابردوو چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی “نەورۆزی جامانەکان” رێکخست، کە لەگەڵ پێشوازییەکی بەرچاوی خەڵك بەرەوڕوو بووەوە.