خەڵکی شارەکانی کوردستان بە پێشوازی کردن لە تەرمی کەریم مەعرووفزادە، شاخەوان و چالاکی مەدەنیی خۆشناوی سەردەشتی، جارێکی دیکە بە نیسبەت خەمخۆرانی خۆیان وەفادارییان نواند.
رۆژی ڕابردوو ١٢ی ڕەشەمە خەڵکی شارەکانی سەرڕێی گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو شاخەوانە کە رۆژی ١١ی ڕەشەمە لە لووتکەی “توچاڵ”ی تاران بەهۆی ڕاوەستانی دڵ، گیانی لەدەستدابوو، بە هاتنەسەر شەقام پێشوازییان لێکرد.
بەشێک لە وەزشوانان و چالاکانی مەدەنیی کورد، بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک داوایان لە خەڵکی شارەکانی کوردستان کرد کە پێشوازی لە تەرمی کەریم مەعرووفزادە بکەن، کە چەندین ساڵە لە پەنای شاخەوانی ، لە بواری ژینگەپارێزی و چالاکی مەدەنییەوە، خزمەتی بە نیشتمان کردو هەربۆیە شیاوی ڕیزگرتنە.
جێی ئاماژەیە ئەگەرچی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە هەوڵدان بوون پێش لە گردبوونەوە و هاتنەسەرشەقامی خەڵک بگرن، بەڵام خەڵکی شارەکانی کوردستان لە قوروە و دێولانەوە تا سنەو بانە و سەردەشت، بە بەرزکردنەوەی تراکت و پێشکەش کردنی چەپکە گوڵ، تەرمی کەریم مەعرووفزادەیان لە ئامێز گرت و، لە زێدی لە دایکبوونی بە خاکیان سپارد.
شیاوی باسە ئەو وەرزشوان و ژینگەپارێزە سەرکەوتووە، خاوەن هەستێکی نەتەوەیی و کوردپەروەرانە بووەو، بە هۆی هەڵسوکەوت و چالاکییە مەدەنییەکانی لە نێو خەڵکی شاری سەردەشت، خۆشەویستی کردبوو.