Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 24/06/2018 | کاتژمێر:
جیهان

ئەمریكا پلانێكی نهێنی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە

03/03/2018 | 17:48:21
+A
-A

دیپلۆماتێكی پێشووی توركیە پلانێكی نهێنی ئەمریكا لەبارەی سەرلەنوێ نەخشەكێشانەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا دەكا، كە لە سووریە جێگیر دەبێ و نێوان كورد و توركیەش ئاڵۆزتر دەكا.

ئۆلۆچ ئۆزۆل باڵوێزی پێشووی توركیە لە فەرانسە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی “سپۆتنیك”ی رووسیەی گوت، دەبێ دەسەڵاتدارانی توركیە كە ئاگاداری پلانە نهێنییەكەی ئەمریكا بن بۆ ناوچەكە کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی تورکیەدا نیە.

ئۆزۆل ئاماژەی بە كۆبوونەوەیەكی نهێنی كردوە، كە نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریكا، فەرانسە، بریتانیا و عەرەبستان بەشدار بوون، بۆ ئەوەی کە ستراتیژی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دابڕێژنەوە.

ئەو سیاسەتزانەی توركیە لە زمان چەند رۆژنامەنووسێكی فەرانسیەوە، ناوی ئەو كۆبوونەوەیەی ئاشكرای كردوە كە بریتیە لە “سیری لیكس” و زانیارییەكەش لە باڵوێزێكی بریتانیا وەرگیراوە، كە ئەویش لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووە.

بە قسەی ئۆزۆل، پێشتر ئامادەكارانی كۆبوونەوەكە ئاماژەیان بە بەشداریپێكردنی وڵاتانی میسر و ئاڵمان و توركیەش كردبوو، بەڵام دواتر ڕێكەوتبوون کە ئەو وڵاتانە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکەن.
لەو کۆبوونەوەیەدا کورد بەشێکی هەرە گەورەی ئەو پلانەیە. هەر بۆیە قەرارە ئەمریکا پایگای ئینجرلیک لە تورکیەوە بۆ هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە.

ناوبراو لە درێژەدا گوتی، خاڵەكانی وتوێژی كۆبوونەوەی “سیری لیكس″ی ئەوە بوون كە بریتی بوون لە بەرهەمهێنانی مووشەكی ئەتۆمی بچووك بۆ ئەوەی لە شەڕە هەرێمییەكاندا سوودی لێ وەربگیرێ. دووهەم بابەتیش گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بووە لە دژی رووسیە و ئەو وڵاتانەی هەڕەشەن بۆ سەر هاوپەیمانی ناتۆ.
ئەگەری زیادكردنی هێرشەكانی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران بابەتی سێیەم بووە. پرسی كورد و ڕۆڵی لە پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی نێوان ئانکارا و واشنگتۆنیش خاڵی كۆتایی وتوێژی كۆبوونەوەكە بووە.