لە ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان، لە شاری ڕانیە(دەروازەی ڕاپەڕین) کۆمەڵێک لە وێنەگر و فتۆگرافەکانی چرکەساتی ڕاپەڕینی پڕشکۆی خەڵکی باشووری کوردستان، کە یەکێک لەوان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و کە کۆمەڵێک وێنەی مێژوویی گرتبوو، خەڵات کران.
رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٨ ڕەشەممەی٩٦ی هەتاوی لەیادی بیست وحەوت ساڵەی ڕاپەرینی پڕ شکۆی خەڵکی کوردستانی باشوور لە دەروازەی ڕانیەی ڕاپەڕیو، لە لایە ن سەرۆکی شارەوانی ڕانیەوە، مەراسمێکی بۆ ڕێزلێنان وپێدانی لەوحی سپاسنامە بە ٤٦ وێنەگر کە لەو رۆژەدا توانیویانە بەشێکی بەرچاو کە لە رووداوە مێژووییە تۆماربکەن بەڕێوەچوو.
یەکێک لەو ٤٦ وێنەگر و فتۆگرافە کە بە کامیرایەکی سادە بەڵام بە جوانی توانیویەتی لە چەندین وێنەدا چرکە ساتی ڕاپەڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دیکتاتۆری بەعس تۆمار بکا ، هاوڕێ خالید وەنەوشە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، کە لە لایەن شارەوانی شاری ڕانیە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بانگهێشت کرابوو.
جێیئاماژەیە کە لە نێوان ٤٦وێنەگری بانگکراو بۆ ئەو ڕێوڕەسمە حەوت کەسیان وەکوو فتۆگرافی چرکەساتەکانی ڕاپەڕینی ٥ ئازاری ساڵی ١٩٩١ بە پێیژمارە بەشداربوون و هاوڕێ خالید وەنەوشە بە نەفەری دوویەم هەڵبژێردراو لەوحی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.
لە کاتی بەخشینی خەڵات بە کاک خالید وەنەوشە وەکوو وێنەگرێکی سەرکەوتوو، کورتەیەکی لە سەر چۆنیەتی ئەوەی کە وەکوو پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات گرینگی بەو ڕووادوە داوە بۆ بەشداربووانی باس کرد و، لەو پێوەندییەاد بە باس کردن لەوە کە وەکوو وەزیفە و کاری حیزبی کامێرای پێ بووە نەک وەکوو فتۆگراف، بەڵام لە کاتی ڕاپەڕین ، بە ئەرکم زانی بۆ تۆمار کردنی ئەوچرکەساتە کە بێگومان بەشێکە لە مێژووی کورد بە گشتی و، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەورو نەقشی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی هەر ئەوەندە نەبووە، بەڵکوو بە شاهیدی ئەوانە کە ئێستا لە ژیاندا ماون و بەشداربوون لە ڕاپەڕینی ساڵی ٩١ زایینی، دەزانن کە حیزبی دێموکرات لە ئەوپەڕی کوردایەتی و بەرپرسایەتییەوە هاوکاری برا و خوشکانی خۆی لە باشووری کوردستان کردو لە هیچ خزمەتێک دەریغی نەکردوە.
شیانی باسە هاوڕی خالید وەنەوشە چەند ساڵ لەمەبەر لە شاری ڕانیە لە پێشانگایەکی تایبەت بە ڕاپەڕین بەشداریی کردو لەوێش خەڵات کراو، هەروەها بە ئامادەبوونی لە بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاری تلەویزیۆنی “کی ئین ئین” بە وردی باسی لەچرکەساتی ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان و شاری ڕانیە کرد.