بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، هونەرمەندێکی کورد بە ناوی “ئیبراهیم ئەدوایی” یەکێک لە پەیکەرتاشانی شاری مەریوان بە هۆی نەدانی هەقدەست خۆی لە لایەن شارەداری ئەو شارەوە، ناڕەزایەتی دەربڕی.
ئەو هونەرمەندە کوردە بە هەڵگرتنی نووسراوەیەک، ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و ڕاگەیاند: ئەگەر ڕێز و بەها بۆ فەرهەنگ دادەنێن، هەقدەستی من بدەن. بە وتەی ئەدوایی، زیاتر لە هەشت پەیکەری لە شاری مەریوان دروست کردووە.
ئەو پەیکەرتاشە کوردە، پێشینەی کاری هونەری و پێشانگای هەیە خزمەتێکی بەرچاوی لە پێناوی پەرەپێدانی فەرهەنگ و هونەر لە مەریوان ئەنجام داوە.
لەو پێوەندییەدا و لە هەواڵێکی دیکەدا، ڕۆژی ٦ی بەفرانبار، کرێکارانی شارەداری مەریوان لە هەمبەر نەدانی پارەی دواکەوتووی ٨ مانگەی خۆیان لە بەردەم بینای شارەداری ئەو شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
پێشتریش، شارەداری بەبێ ئاگاداری پێشوو و لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفوونەوە هەوڵی دەرکردنی کرێکارانی خەدەماتی ئەو شارەی داوە و هۆکاری لابردنیانی بۆ قەرزداربوون و نەبوونی مووچەی کرێکاران گەڕاندووەتەوە.