لە پێنجەمین رۆژی مانگرتنی بەشێکی بەرچاو لە دوکانداران و کاسبکارانی کورد لە شارەکانی بانە و پیرانشار، ئەمرۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە خەڵکی شاری مەریوانیش مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.
بە پێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان ئەمرۆ چوارشەممە خەڵکی شاری مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی سنوورەکان کە گرفتی دروست کردوە بۆ بەشێک لە خەڵکی ئەوشارە ، مانیانگرتوو و دوکان و بازاڕیان داخست.
ئەم هەڵوێستەی خەڵکی مەریوان لە کاتێکدایە کە مانگرتنی خەڵکی بانە و پیرانشار پێیناوەتە پێنجەمین رۆژەوە.
رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٨ ڕەشەمە لە سێیەمین رۆژ لە داخستنی دوکان و بازاڕەکانی شاری بانەو پێرانشار، مانگرتووانی ناڕازی ڕایانگەیاند کە تا گەیشتن بە داواکارییەکانیان بە شێوەی هێمنانە درێژە بە مانگرتن دەدەن و، ئەمڕۆ چوارشەممە بەرانبەر بە ٩ی ڕەشەمە ئەو مانگرتنە لە پێنجەمین رۆژی خۆیدایەو هەر بەردەوامە.
جێیئاماژەیە دوای داخرانی سنوورە لاوەکی و ڕێگاکۆڵبەرییەکان لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەشێک لە کاسبکاران و هەروەها چالاکانی مەدەنی بە دەرکردنی بانگەوازێک داوای مانگرتنی گشتییان کرد و، دووشاری بانەو پیرانشار دوکان و بازاڕیان داخست و دوای پێنجرۆژ لە مانگرتنی خەڵکی ئەو دوو شارە، ئەمرۆ چوارشەممە بەشێکی بەرچاو لە دوکان و بازاڕی مەریوان لە لایەن خەڵکەوە داخران.