دوکانداران و کاسبکارانی شاری بانە و پیرانشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر داخرانی سنوور و ڕێگا کۆڵبەرییەکان، ماوەی چوارڕۆژە مانیان گرتووە.
رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمە لە سێیەمین رۆژ لە داخستنی دوکان و بازاڕەکانی شاری بانەو پێرانشار، مانگرتووانی ناڕازی ڕایانگەیاند کە تا گەیشتن بە داواکارییەکانیان بە شێوەی هێمنانە درێژە بە مانگرتن دەدەن و، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمە ئەو مانگرتنە پێی نایە چوارەمین رۆژی خۆیەوە.
جێیئاماژەیە دوای داخرانی سنوورە لاوەکی و ڕێگاکۆڵبەرییەکان لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، بەشێک لە کاسبکاران و هەروەها چالاکانی مەدەنی بە دەرکردنی بانگەوازێک داوای مانگرتنی گشتییان کرد و، دووشاری بانەو پیرانشار دوکان و بازاڕیان داخست.
ئەگەرچی لە یەکەم رۆژی مانگرتنی گشتی، هێزە ئەمنییەکان بە بڵاوکردن لە نیو ئەو دووشارە ، ویستیان بە گوشار خستن بەسەر دوکانداران و بازاڕیان ئەو مانگرتنە بشکێنن، بەڵام تا ئەمرۆ خەڵکی ناڕازی کۆڵیان نەداوەو، ڕایانگەیاندوە کە تا بە ئانجام گەیشتنی داواکارییەکانیان ئەو مانگرتنە درێژەی دەبێ.
شیاوی باسە بەرپرسانی ڕێژیم ، بێجگە گوشارخستن بە سەر دوکانداران و کاسبکاران و میلیتاریزەکردنی ئەو دووشارە، تا ئێستا وڵامی مانگرتووانیان نەداوەتەوە.