ڕووسیە بە پشتیوانیکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو ناوچەکە تووشی گیروگرفت دەکا.
بڕیارنامەی پێشنیاریی بریتانیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ درێژەکردنەوەی گەمارۆی سەر حووسییەکان و ڕەخنەگرتن لە ئێران بوو، لەلایەن رووسیەوە ڤیتۆ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی بیبیسی نوێنەرانی بریتانیا، ئەمریکا و فەرانسە لە شوڕای ئەمنیەت سەرەتا بڕیارنامەیەکیان ئامادە کردبوو کە تێیدا سەرەرای درێژەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ ساڵێکی دیکە، ئێرانیان بەهۆی ناردنی مووشەک بە حووسییەکان مەحکووم کرد.
بەپێی هەمان سەرچاوە دواتر بریتانیا بە گۆڕانکاری لەو ڕەشنووسەدا، تەنیا نیگەرانیی خۆی بە هەڵسوکەوتی ئێران دەربڕی، بەڵام ڕووسیە لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا ئەو ڕەشنووسەی ڤیتۆ کرد و سەرەنجام ڕەشنووسێکە پەسەند کرا کە لەلایەن ڕووسیەوە ئامادە کرابوو کە تێیدا ڕەخنەی لە ئێران نەگرتووە”.
هەر لەو پێوەندییەدا نیکی هێلی، نوێنەری ئەمریکا لەدژی ئەو هەڵوێستەی ڕووسیە دژکردەوەی نیشان دا و گوتی: “چەندین جار ڕووسیە پێشی بە بڕیارنامە لەدژی حکوومەتی دڕندەی بەشار ئەسەد گرتووە، بەڵام ئەو جارەش ڕووسیە لایەنگریی لە حکوومەتی “تیرۆریستی” ئێران کرد.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووسیە پێش بە وەڵامدانەوەی ئێران لە بەرانبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە و ئەمەش هەموو ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
شایانی باسە لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش، 11 ئەندامیان لایەنگری سزادانی ئێران بوون، بەڵام هەڵوێستی وڵاتانی ڕووسیە و چین و ٢ وڵاتی دیکە دژی ئەو بڕیارە پەسند نەکرا.