لە پیرانشارەوە هەواڵمان پێ گەیشتوە کە سەرەتای ئەم حەوتوویە حوسێن پیرۆت کوڕی کوێخاپیرۆت خەڵکی شنۆ و و برای فەرماندەری شەهیدی حیزبی دێموکرات محەممەد پیرۆت کۆچی دوایی کردوە.
حوسێن پیرۆت کە خەڵکی گوندی “هێ”یەی ناوچەی شنۆ بوو، لەم ساڵانەی دواییدا لەو ناوچەیە باری کرد و، لە ناوچەی پیرانشار لە گوندی زێوە گیرسایەوە.
پێویستە بگوترێ هێشتا فەرماندە محەممەد پیرۆت لە ژیان دابوو، کە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی کوێخا پیرۆتی باوکیان هەر لە بەر ئەوەی باوکی ئەو فەرماندە قارەمانە بوو، شەهید کرد.
کوڕێکی محەممەد پیرۆتی شەهیدیش بە ناوی “کانەبی” لە سەرەتای هەشتاکانی هەتاوی کە خەریکی کاروانچێتی بوو، بە تەقەی هەنگی مەرزی گیانی لێ ئەستێندرا. حوسێن پیرۆت تاوانەکانی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی دژی بنەمالەکەی هیچ کات لە بیر نەکرد ، هەمیشە شانازی بە ڕێگا و ڕێبازی براکەی دەکرد و هەوڵی دەدا ناو و ناوبانگی ئەو بنەماڵەیە لە کوردایەتی و دژایەتی لە گەڵ ستەم و بێمافیدا بە بەرزی بێڵێتەوە.
وەبیر دێنینەوە کە محەممەد پیرۆت جێگری فەرماندەری هێزی سمکۆ ساڵی ١٣٦٣ لە گوندی “سێ کانیان” لە گەڵ هیزەکانی کۆماری ئیسلامی دا گیانی لە دەست دا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستان. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک حوسێن پیرۆت، سەرەخۆشی لە بنەمالە و کەسوکاری کۆچکردوو و خەڵکی ناوچەکانی شنۆ و پیرانشار دەکا.