حەوتەنامەی “صدای ئازادی” لە شاری کرماشان ڕێوڕەسمیکی بۆ ڕێزگرتن لە قەڵەم و پێگەی مەنسوور یاقووتی، نووسەری فارسینووسی کورد بەڕێوەبرد.
ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەممە بە دەستپێشخەریی حەوتەنامەی دەنگی ئازادی لە کرماشان و هەروەها بە هاوکاری بەشێکی دیکە لە چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگی پاریزگای کرماشان، لە کۆڕێکی فەرهەنگیدا، ڕێز لە چیرۆکنووسی ناسراو، مەنسوور یاقووتی گیرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین کەس لە قەڵەمبەدەستان و توێژەرانی کورد و فارس، لە سۆنگەی جیاجیاوە پێگەی هونەریی و قەڵەمی بەتوانای مەنسووری یاقووتیان خستەبەرباس و شرۆڤەیان بۆ کرد.
جەلیل ئاهەنگەرنژاد ، نووسەر و بەڕێوەبەری حەوتەنامەی “صدای ئازادی” لە قسەکانیدا سەبارەت بە پێگەی ئەدەبی مەنسووری یاقووتی لە ژانری چیرۆکنووسیدا وتی : مامۆستا یاقووتی یەکێک لە سێ کوچکەی چیرۆکنووسی کرماشانە و، هاوشان لە گەڵ عەلی ئەشرەف دەرویشیان و عەلی محەممەد ئەفغان لە دەیەی ٥٠ی هەتاوی بەملاوە زیاتر لە کرماشان لە کۆمەڵگەی چیرۆکنووسی ئێراندا بەناوبانگن و ناوێکی ناسراو و هەرمانن.
ناوبراو لەوەی کەتا ئێستا گرینگی بە سیما بەرچاوەکانی ئەدەبیاتی کرماشان نەدراوە ڕەخنەی لە بەرپرسانی بواری فەرهەنگ گرت.
چیرۆکنووس و ڕەخنەگری کورد، مەنسووری یاقووتی لە دایکبووی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی کیوەنان لە ناوچەی کولیائی کرماشانەو بە یەکێک لە چیرۆکنووسانی بەناوبانگی ئێران وەئەژمار دێ.
ناوبراو لە ساڵی ٥٠ بۆ بە مامۆستای قوتابخانەی گوندەکانی کرماشان و، لە ساڵی ٥٨ی هەتاوی بە هۆی بیروڕای جیاواز لە سەر کار دەرکرا.
یاقووتی هاوکات لەگەڵ نووسینی کورتە چیرۆک، بە “کڕێکاری و سەرایەداری” درێژەی بە ژیان دا.
ئەو چیرۆکنووسە لە هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی کەوتە بەر قەهری دەسەڵاتداران و ، لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بەهۆی چالاکی سیاسی دوای سێ سال ژیان بە نهێنی دەسئاخر لە شاری تاران دەسبەسەرکراو بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە زیندانی دیزڵئابادی کرماشان مایەوە .
قەڵەمی ئەو چیرۆکنووسە کوردە بە هۆی ژیان لەگەڵ خەڵکی لادێیەکانی کوردستان، قەڵەمیکی دەروەستە و، بە جوانی و بە کورتی لە ڕوانگە ڕەخنەگرانەوە پەڕژاوەتە سەر شێوەی ژیانی چەوساوەکان و گوندنشینەکانی کوردستان.
عەباس مەعرووفی چیرۆکنووس و شانۆنوویسی فارس؛ لە گۆڤاری گەردوون وێڕای گرنگیدان بە قەڵەمی یاقووتی بە “ئانتوان چخۆف”ی ئێرانی دەزانێ.
شیاوی باسە کۆمەڵە چیرۆکی”زەخم” بەناوبانگترین بەرهەمی “مەنسوور یاقووتی”یە و سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی ڕوانگەیەکی ڕئالێستییە ، لە بوارەکانی دیکەش وەکوو گردو کۆکردنەوەی چیرۆک و ئەفسانە کۆنەکان و، هەروەها شانامەی کوردی جێ پەنجەی دیارە.