رۆژی ڕابردوو شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە بەشێکی بەرچاو لە دوکاندار و کاسبکارانی شارەکانی بانەو پیرانشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر داخرانی سنوورەکان و بازاڕچە مەرزییەکان، دوکان و بازاڕیان داخست.
دوای ئەوەی کە رۆژی ٥شەممە ڕێکەتی ٤ی ڕەشەمە لە لایەن کۆمەڵێک لە دوکانداران و هەروەها چالاکانی مەدەنیی بانەیی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە هبەر داخرانی سنوورە لاوەکی و ڕێگاکۆڵبەرییەکان لە لایەن بەرپرسانەوە، بانگەوازی مانگرتنی گشتی بڵاو کرایەوە، ڕۆژی شەممە ئەو مانگرتنە دەستیپێکردو پێ نایە دوویەمین رۆژەوە.
ئەگەرچی لە یەکەم چرکەی داخستنی دوکان و پاساژەکان لە شاری بانەو پیرانشار هێزە ئەمنییەکان بە بڵاو کردن لە نێو بازار لەهەوڵدا بوون بە گوشار خستنی سەر خەڵک ناچاریان بکەن دوکانەکان بکەنەوە، بەڵام خەڵکی ناڕازی کۆڵیان نەداو لە کردنەوەی دوکان و بازاڕ خۆیان بوارد و درێژەیان بە مانگرتن دا.
بە پێی زانیارییەکان ئەمرۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە خەڵکی ناڕازی شاری پیرانشار لە مانگرتن بەردەوامن و دوکان و بازاڕیان داخستووە.
هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە کاسبکارانی شاری بانەش بۆ دوویەمین رۆژ درێژەیان بە مانگرتن داوەو ڕایانگەیاندوە هەتا داوکارییەکانیان بە ئەنجام نەگات، درێژە بە مانگرتن دەدەن.
شیاوی باسە سنوورەلاوەکی و کۆڵبەرییەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی بنەمای پتەوی ئابووری تەنیا ڕێگەی دابینکردنی بژێوی ژیانی زۆرێک لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانەو ، بە هۆی داخرانی خەڵکێکی زۆر بێکار دەبن و هەرئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی خەڵکی بانەو پیرانشاری لێکەوتووتەوە.