Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۶ ی پووشپه‌ڕی ۱۳۹۷ | 17/07/2018 | کاتژمێر:
چالاکی

سه‌ردانی شاندی پارتی کرێکاران و ڕه‌نجده‌رانی کوردستان، له‌ سکرتاریای حیزبی دێموکرات

25/02/2018 | 17:17:57
+A
-A

شاندێکی پارتی کرێکاران و ڕه‌نجده‌رانی کوردستان، سه‌ردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و، له‌ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێکی ڕێبه‌ریی حیزبی دیمۆکراتدا کۆمه‌ڵه‌ بابه‌تێکی ڕۆژه‌ڤی سیاسیی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

به‌یانیی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌، 6ی ڕه‌شه‌ممه‌ شاندێکی پارتی کرێکاران و ڕه‌نجده‌رانی کوردستان به‌ سه‌رپه‌رستیی کاک باپیر کامه‌لا، سکرتێری ئەو حیزبه‌ سه‌ردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و، له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی ڕێبه‌ریی حیزبه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رستیی کاک مسته‌فا مه‌ولوودی به‌ گه‌رمی وه‌رگیران.

له‌و دیداره‌دا سه‌ره‌تا هه‌ڵسه‌نگاندنێکی بارودۆخی سیاسیی ناوچه‌ و داهاتووی هه‌رێمی کوردستان له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ره‌ جیاوازه‌کاندا کرا و دوولایه‌ن کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باشترین وه‌ڵام بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر کورد له‌ باشووری کوردستان هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها که‌لکوه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی دێنه‌ پێشێ؛ یه‌کڕیزی و یه‌کخستنه‌وه‌ی نێوماڵی کورده‌.

پرسی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی باسه‌کانی ئه‌و دیداره‌ بوو. دوولایه‌ن له‌و به‌شه‌دا له‌‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران، کێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ خه‌ڵک و دۆزی سیاسیی کورد له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. له‌و به‌شه‌ له‌ باسه‌کاندا ئه‌و هاوڕاییه‌ هه‌بوو که‌ ڕه‌نگبێ کۆماری ئیسلامی وابنوێنێ به‌ ده‌ستێوه‌ردانی له‌ وڵاتانی ناوچه‌ و ئه‌و ڕۆڵه‌ی له‌ ناسه‌قامگیرکردنی ناوچه‌که‌‌دا ده‌یبینێ گه‌مه‌که‌رێکی سه‌رکه‌وتووی هاوکێشه‌کانی ناوچه‌یه‌؛ به‌ڵام نه‌بوونی مه‌شروعییه‌تی سیاسیی نیزام له‌لای خه‌ڵک و کۆی قه‌یرانه‌ سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ نێوخۆی وڵات خاڵی لاوازی ئه‌و ڕێژیمه‌ن‌ و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیانا له‌به‌رده‌م گۆڕانگارییه‌کی قووڵ و بنه‌ڕه‌تیی داناوه‌.

پرسی کورد له‌ باکوور و خۆراوای کوردستان، به‌تایبه‌ت ڕه‌هه‌نده‌ جیاوازه‌کانی به‌ربه‌ره‌کانی و به‌ره‌نگاری ئازایانه‌ی‌ ڕۆڵه‌کانی کورد له‌ عفرین و سیاسه‌تی هێزه‌ سیاسییه‌کانی خۆراوای کوردستان له‌ هاوکێشه‌کانی ئێستای سووریه‌ و ناوچه‌دا ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی باسه‌کانی ئه‌و دانیشتنه‌ بوو.

له‌و دیداره‌دا شاندی میوان به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ خوێندنه‌وه‌ و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ نیسبه‌ت پرسی کورد له‌ ئێران و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان کرد و هه‌نگاوی ئه‌م دواییانه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ پێکهێنانی ناوه‌ندێکی هاوکارییان به‌ گرینگ زانی و پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت که‌ پێویسته‌ کار و به‌رنامه‌کانی ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌ره‌و پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی بچێته‌ پێشێ بۆ ئه‌وه‌ی ئادره‌سێک له‌ کوردی ڕۆژهه‌ڵات له‌ هاوکێشه‌کانی ئێران و ناوچه‌دا دروست ببێ.