خەدیجە عوسمانی ئازەر دایكی فەرماندەی شەهید عومەر قەیتەران، بە هۆی نەخۆشییەوە رۆژی هەێنی ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ٩٦ی هەتاوی لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی شاروێرانی مەهابادەوە بە دەستمان گەیشتووە، دایکی فەرماندە هێزی شەهید ئەفشین ، یەکێک لە فەرماندەرە بەجەرگ وچاونەترسەکانی حیزبی دێموکرات، بەناوی فەرماندەی شەهید عومەر قەیتەران خەڵکی گردیاقووبی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد دوای تەمەنێک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شیاوی باسە شەهید عومەر قەیتەران لە فەرماندە بەوەجەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد بووە, کە لە ئەوپەڕی فیداکارییەوە تا دوایین چرکەی ژیان خزمەتی بە گەل و نیشتمان کرد و وەکوو فەرماندیەکی دیار و بەرچاو لە هێزی شەهید ئەفشین قارەمانیەتی نواند و، هەتا لە شەڕێکی نابەرانبەر لە گەڵ هێزی داگیرکەر لە نێوانی گوندی گەرگووڵی خواروو و گەرگووڵی سەرەوە لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی گیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کرد.
جێی ئاماژەیە ئەو خۆشەویستەمان خاوەنی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و دێموکراتدۆستە کە چەندین ساڵە بە هەموو تواناوە خزمەت بە بزووتنەوە مافخوازانەی گەلی کورد دەکەن.
بە پێی زانیارییەکان خەڵکی بە ئەمەگ و کوردپەروەری ناوچەی شاروێرانی مەهاباد وەکوو وەفایەک بۆ شەهیدی فەرماندەو هەروەها ڕێزلێنان لە بنەماڵە شٶڕشگێڕی دایە خەدیجە، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ئەو دایکە ئازیزە بەبەرفەراوانییەوە بەشدارییان کردوە و بە ئەمەگناسییەوە بەخاکیان سپاردوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی شاروێران، بەتایبەتی بنەماڵەو کەسوکاری دایە خەدیجە عوسمانی ئازەر، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ.